پانێلێک دەربارەی ڕۆڵی ژنان لە کایەی سیاسیدا ئەنجامدرا

لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژن لە کایە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکان" بە ئامادەبوونی دەیان ژن باس لە هۆکارەکانی بەرەو پێشنەچوونی ژنان لە کایە سیاسیەکان و ئاستەنگەکانی بەردەمیان کرا، هەروەها پێگەی ژنان لە حزبە سیاسیەکان و ڕاگەیاندندا گفتوگۆ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٠ی شوبات لە هۆڵی تەلاری خێزانی لە شاری سلێمانی، لە لایەن بۆردی ژنانی ئەکادیمی، بە هاوکاری یەکێتی ژنانی کوردستان، لقی سلێمانی پانێڵێک بە ناونیشانی "ڕۆڵی ژن لە کایە سیاسییەکان و دامودەزگا حکومییەکاندا" ئەنجامدرا.

لە پانێڵەکەدا پەرلەمانتارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی زانکۆ، ژنانی حزبەکان، ژنانی هێزە ئەمنی و سەربازی و پارێزەران و چالاکوانانی بواری ژنان ئامادەبوون.

 

پانێڵی یەکەم لە لایەن دکتۆر شیلان فەتحی سەرپەرشتی کرا، کە هەریەک لە دکتۆر لاجان محەمەد مامۆستا لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری لە زانکۆی چەرموو، دکتۆر ژیا عەباس مامۆستای بەشی کاری کۆمەڵایەتی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی و سالار ڕەفیق جێگری مەڵبەندی یەکی سلێمانیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشداربوون.

 

لە پانێڵی یەکەمدا دەبارەی ئازادی ژنان گفتوگۆکرا، بە پێی توێژینەوەیەکیش کە دەربارەی "ژن لە هزری عەبدوڵا ئۆجەلاندا کراوە" کۆمەڵێک دەرئەنجام دەرکەوتوون، لەوانە تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، کۆمەڵگەی کوردی دەڕووخاوە و لەویش داڕووخاوتر دۆخی ژنانە، هەروەها باس لە بەشداری ژنان لە کایە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، کە بەشداری ژنان نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان لە عێراقیش بەشداری ژنان زۆر کەمە.

 

دواتر لە پانێڵی دووەمدا، هەریەک لە دکتۆر نەزاکەت حوسێن، مامۆستای بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، کنێر عەبدوڵا نووسەر و ئەندامی سکرتاریەتی یەكێتی ژنان، شنروێ لەتیف مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، ڤیان فاتح بازرگان، دکتۆرتابان محەمەد، ئەندامی سەنتەری جێندەری زانکۆی سلێمانی بەشداربوون.

 

لە پانێڵی دووەمدا دکتۆر نەزاکەت حسێن باسی لەوە کرد، کە کۆمەڵگەی کوردی تا ئێستا بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری کار دەکات، خێزانەکان بە بوونی منداڵێکی کوڕ دڵخۆشتر دەبن لە کچێک، دوای بیری پیاوسالاری کە بیری سەرمایەداری هات ئەویش لەسەر هەمان شێوە باسی ژن دەکات، زیاتریش لەوە ژنی کردووە بە کاڵایەک بۆ چێژی پیاو، هەروەها لە لایەن کنێر عەبدوڵاوە باس لە بەشداری ژن لە ناوەندەکانی بڕیارداندا کرا، بەپێی ئەو توێژینەوەیەش کە ئەنجامی داوە بەشداری ژنان لە پێنج حزبی باشوری کوردستان ٪٢٥ تێپەڕی نەکردووە، هۆکارەکەشی گەڕاندەووە بۆ ئەوەی ژنان وەک ژنێک سەیر دەکرێن زیاتر لەوەی وەک مرۆڤێک سەیربکرێن، بە بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

 

ت.پ