پانێڵێک لەسەر شێرپەنجەی مەمک لە چەمچەماڵ بەرێوەچوو

لە شارۆچکەی چەمچەماڵ پانێڵێکی زانستیی سەبارەت بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک و هۆکار و نیشانە و چارەسەرییەکانی بەڕێوەچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەم، لە هۆڵی ڕۆشنبیریی لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی، لە چوارچێوەی مانگی ئۆکتۆبەری پەمەیی پانێڵێک تایبەت بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوەچوو.

 

لە سەرەتای پانێڵەکەدا چەند چرکەیەک بۆ گیانی شەهیدانی گەل و نەتەوە و ئەو کەسانەی بە نەخۆشی شێرپەنجە گیانیان لەدەستداوە بەبێ دەنگی ڕاوەستان دواتر ڕەوەز ساڵح، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بابەتێکی پێشکەشکرد، تیایدا باسی لەوەکرد هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک دەگەڕێتەوە بۆ بابەتی بۆماوەیی و جگەرەکێشان و قەڵەوی و چەند هۆکارێکی دیکە.

 

دواتر وەفا عوسمان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بابەتێکی پێشکەشکرد و تیایدا زانیارییەکانی لەسەر نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک پێشکەش بە ئامادەبووان کرد لە هۆکار و نیشانە و چارەسەرییەکانی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک.

 

دوای پێشکەشکردنی بابەتەکان، ژنێک بەناوی ناسکە کە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بوو بابەتێکی پێشکەشکرد، سەبارەت بەو کەسانەی کە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بووە وتی: لە نەخۆشخانەی سمارت گرووپێکمان هەیە مانگانە کۆدەبینەوە و هێز و ئیرادە دەدەین بە یەکتر بۆ ئەوەی هاوکاریی یەک بین لە چارەسەرکردن.