پانێڵێک بە ناونیشانی ''ژن و بەرخۆدان لە خەباتی کورددا'' ئەنجامدرا
بۆ باس کردن لە بەرخۆدانی ژنان لە خەباتی مێژووی و هاوچەرخدا ، لە هۆڵی کۆنگرێسی کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی، پانێڵێکی هاوبەش لە نێوان زانکۆی سلێمانی و زانکۆی چەرمۆ سازکرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ، لە هۆڵی کۆنگرێسی کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی، پانێڵێکی هاوبەش لە نێوان زانکۆی سلێمانی و زانکۆی چەرمۆ بە ناونیشانی ''ژن و بەرخۆدان لە خەباتی کورددا'' ، بۆ هەریەکە لە ''گەشە دارا، پانێڵست و پارێزەر، شنۆ رەمزی هیرانی، پانێڵست و ڕۆژنامەنووس''، ئەنجامدرا، کە تێیدا ژمارەیەک لە مامۆستایان و خوێندکاران و توێژەران بەشداربوون، هەروەها لە ماوەی پانێڵەکەدا، باس لە ڕۆڵی ژنان لە خەباتی کوردا لە ڕوانگەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و فکرییەوە کرا، سەرنجیش خرایە سەر ئەو دەستکەوتانەی ژنان کە توانیویانە بە بەرخودان لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەدەستی بهێنن.
''دەمانەوێت ژن خاوەنی بڕیاری خۆی بێت''
گەشە دارا حەفید، پانێڵست و پارێزەر، وتی: ژن بەردەوام وەک ڕەگەزی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی هەبووە، بەڵام بارودۆخی کۆمەڵگە جیاوازە، ئێمەی ژنانی باشوور زوو هەستمان بە گرنگی ژن کردووە لە هەموو کایەکاندا، هەروەها
لە مێژوودا کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بووە و لەو سەردەمەدا حەپسەخانی نەقیب لە ساڵی١٩٣٠ رێکخراوی ژنان دروست دەکات بە مەبەستی چالاک بوونی ژنان، بۆیە من ئەوە ناو دەنێم بەرپابوونی شۆڕش لەو سەردەمەدا، هەروەها ئێمە درێژە پێدەری ئەو شۆڕشەین و دەمانەوێت ئەو کولتوورە بگۆڕین کە ژن وەک قوربانی بێت، بەڵکو دەمانەوێت ژن خاوەنی بڕیار ی خۆی بێت، ئەمە جگە لەوەی کە لە ناوەندی حکومڕانی و میریشدا لە هەڵەبجە عادیلە خان دەبێتە قایمقام،
دوای دروست بوونی کۆمەڵەی ژێ کاف و کردنەوەی لقی باشوور، ژنانی سلێمانیش بەشداری دەکەن و دواتریش حیزبی شوعیش دروست دەبێت و ژنانیش بە شێک دەبن لەو حیزبەدا، ئەمەش ئەو هەنگاوانەبوو کە وایکرد ژنان بەشداری لە حکومڕانی و سیاسەتد ابکەن، ئەمەش وایکرد خەباتی ژنان بگۆڕێت و تێکەڵ بە حیزب و لایەنە جیاوازەکان ببێت، هەروەها سەرەتا ژنان ڕۆڵی رێکخستنی ناو شاریان پێ دەدرێت، بەڵام ئەوەی جێگەی ڕەخنەیە دایکانی ئێمە لە شاخ بڕیار دەرنەبوون، بەڵکو پشتیوان بوون، بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان بە پێچەوانەیەوەیە، ئەمە کەم کردنەوەی ڕۆڵی دایکان نیە، بەڵکو ڕەخنەیە بۆ چاکسازی و پرسی ژن کە لە پرسی تاکەوە ببێت بە پرسی گشتگیر.
''پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا دەڵێت ئازادی ژن و کۆمەڵگە یەکێکە و تا ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگە ئازاد نابێت''
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی: ئەوەی لە رۆژئاوا هەیە پەروەردەی شۆڕشگێری ڕێکخراوە و دەبێت هەمان ئەزموون لە باشووردا بەڕێوە بچێت و جێبەجێ بکرێت، لە مێژوودا ژنان لە باشوور ویستویانە کە خەباتی چەکداری بکەن، بەڵام هاوکاری نەکراون و ڕێگریان لێکراوە، بۆیە پێویستە ژنان و کۆمەڵگە پەروەردە بکرێن، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا دەڵێت ئازادی ژن و کۆمەڵگە یەکێکە و تا ژنان ئازاد نەبن کۆمەڵگە ئازاد نابێت، هەروەها کاتێکیش چووینە ڕۆژئاوا بینیم سوپای تورک و سووریای داگیرکەر تەنها یەک کیلۆمەتر دوور بوون لێمان و شەڕڤانان ئامادە بوون کە لە هەموو کاتێکدا هێرش بکرێتە سەریان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەن مۆڕاڵ و ورەیەکی زۆر بەرز بوون.
''ژنان لە کۆنەوە تا ئێستا بەرخۆدانی گەورەیان کردوە''
شنۆ ڕەمزی هیرانی، پانێڵست و ڕۆژنامەنووس، وتی: ئێمە لێرە باس لەو خەبات و بەرخۆدانە دەکەین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، بەڵام ئەگەر بگەرێینەوە بۆ مێژووی کورد و ژنان دەبینین زۆر ناڕەحەتیمان تێپەڕاندووە، هەروەها ژنان لە کۆنەوە تا ئێستا بەرخۆدانی گەورەیان کردوە، هەروەها ئەو دەستکەوتە گەورانەی کە تا ئێستا ژنان و کورد شانازی پێوە دەکەن لە ئەنجامی خزمەتی ژنانەوە بووە، من دەمەوێت تیشک بکەمە سەر بەرخۆدانی ژنان لە بواری سەربازیدا، کە لە ساڵانی ٧٠تاکانەوە لە پارتە چەپەکانی کوردستان ئەم هاوکێشەیە هاتە ئاراوە، بەڵام نەیتوانی بگاتە ئاستێکی باڵا و بەردەوامی هەبێت تا دروست بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان ''پەکەکە''، کە لەسەر سێ پایەی ئایدۆلۆژی گرنگ لەو سەردەمەدا دامەزرا ، کە پایەکانیش بریتی بوون لە، ''گرنگی نەتەوایەتی، چینایەتی و سیستەمی سەرمایەداری، پرسەکانی ڕەگەزی و ژنان''، هەروەها ئەوەی ئەم ڕێکخستنەی دامەزراند ئەو پیاوانە بووەن کە بروایان بەم ئایدۆلۆژیانە هەبووە و کاریان لەسەر کردووە و وتویانە ''گەر ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگەش ئازاد نابێت''، ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان ''پەکەکە'' کردی وەڵامێک بوو بۆ جیهان کە کورد کێشەی گەورەی هەیە و ئەویش کێشەی ژن و کیشەی مرۆڤایەتی و نەتەوەیە، بۆیە سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا بەو فکرەوە گرێ دەدەم، یەکێکی دیکەش لە سەرکەوتنی شۆڕش ئەوەیە کە لە دوای شۆڕش ڕۆڵی ژن کۆتای پێ نەیەت و بەردەوام بێت، لە باشووری کوردستان ئەو ئەزموونە بەڕیوە چوو لە دوای شۆڕشدا ڕۆڵی ژنان لە سەربازیدا بەرەو کاڵبوونەوە کەم بوونەوە ڕۆشت، باوەڕم وایە دەبێت ئیلهام لە ڕێکخستنی رۆژئاوای کوردستان ببینین لە باشووردا بۆ ئەوەی کە ژنان ببرێنە ناوەندی بڕیاردان و بەردەوام ئەو هەوڵە دەدەین.
''ئێمە ناتوانین چەک هەڵبگرین، چونکە ئاسان نییە و ئەزموونی دەوێت، بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی پیشەکانمانەوە خزمەت بە ڕۆژئاوا بکەین''
بەناز حەمە ڕەشید، مامۆستای زانکۆ، وتی : لە ڕاستیدا لەم ساتەوەختەی کە ڕۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی ئەم بارودۆخ و داگیرکاریە بوەتەوە، کورد پیویستی بە یەکگرتنە و هەر تاکێک لە لایەن خۆیەوە دەبێت بەشداری بکات لەو بەرخۆدانەی ڕۆژئاوادا، ڕاستە کوردان و ژنانی ڕۆژئاوا بەرخۆدان دەکەن و لە ڕیزی پێشەوەی شەڕدابوون، بەڵام ئێمەش لە باشوور دەبێت بەردەوام لە هەموو ڕوویەکەوە هاوکار و پاڵپشتیان بکەین و وەک ئەوەی لە ماوەی پێشوودا ڕوویدا کە هاوکاری و کۆمەکی جیاواز کۆکرایەوە، هاوکات لە ڕێگەی نووسین بە زمانە جیاوازەکان دەتوانین پاڵپشتیان بکەین، هەروەها لە ناوەندێکی ئەکادیمی وەک زانکۆ دەتوانین بە پانێڵ و سازکردنی کۆڕ و سیمینارەکان بابەت باس بکرێت بۆ پاڵپشتی کردنی ڕۆژئاوا، مامۆستایانی زانکۆ ش دەتوانن بە زمانە جیاوازەکان لە کەناڵە نێودەوڵەتیەکان پاڵپشتی لە ڕۆژئاوا بکەن، ئێمە ناتوانین چەک هەڵبگرین، چونکە ئاسان نییە و ئەزموونی دەوێت، بەڵام دەتوانین لە ڕێگەی پیشەکانمانەوە خزمەتیان بکەین، هەروەها پێویستە هەرچوار پارچەی کوردستان پاڵپشت و پشتیوانی یەکتربن، چونکە کورد دۆستی نییە، بەڵکو تەنها چیاکان دۆست و پشتیوانمانن و بە پێی ڕێکەوتن و بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەکان پشتمان لێدەکەن، بۆیە ئێمە لە رێگەی زانکۆوە دەتوانین بابەت پەروەردەییەکان باس بکەین و هەستی نەتەوایەتی زیاتر پەرە پێ بدەین، بۆیە ڕێگە زۆرە بۆ هاوکاری و پاڵپشتی کوردان بە گشتی و ڕۆژئاوا بە تایبەتی.