پانێڵێک بۆ هۆشیارکردنەوەی تاک ئەنجامدرا

لەبەرامبەر بە زیادبوونی دیاردە نەخوازراوەکان و هەڵکشانی بەرچاوی دیاردەکانی تاوانکاری و توندتیژی لە کۆمەڵگا، دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و نەخۆشخانەی بەرکەووتوانی چەکی کیمیای پانێڵێکی دەربارەی "ڕەهەندەکانی تاوانکاری و ڕەفتاری خۆکوژی لەکۆمەڵگا" سازکرد. میهرەبان سەلام کاکەیی

لەبەرامبەر بە زیادبوونی دیاردە نەخوازراوەکان و هەڵکشانی بەرچاوی دیاردەکانی تاوانکاری و توندتیژی لە کۆمەڵگا، دەزگای ژیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و نەخۆشخانەی بەرکەووتوانی چەکی کیمیای پانێڵێکی دەربارەی "ڕەهەندەکانی تاوانکاری و ڕەفتاری خۆکوژی لەکۆمەڵگا" سازکرد.

هەڵەبجە

 

 لە پانێڵەکەدا باس لە هۆکارەکانی زیادبوونی خۆکوشتن و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردی کرا، کوردە باپیر، تویژەری کۆمەڵایەتی و یەکێک لە بەشداربووانی پانێڵکە، باس لەوەدەکات دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاکی کورد لە ئەوپەڕی خراپیدایە، تاک ئایندەی ڕوون نیە، ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە قەیراندایە.

ئەوەشدەخاتەڕوو، پەروەردە بە ھەموو سێکتەرەکانیەوە پەکیکەوتووە چ ناوەندی خوێندن، لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆ، چ پەروەردەی خێزانی و تاک بێت، لەغیابی پەروەردەی تەندروستی خێزانی زۆر جۆری پەروەردەی دیکە تاک پێدەگەیەنێت و دەیکاتە کۆمەڵگەوە کە دواجار کۆمەڵگەیەکی بێ سەروبەر بەرھەمدێت .

 بەپێی وتەکانی کوردە باپیر، میدیاش ڕۆڵێکی خراپ دەبینیێت لەم توندوتیژیانەدا، کە زۆرن و بە نابەرپرسیارێتییەوە مامەڵە دەکەن، بە ئاگا یان بێئاگا ڕۆڵیان ھەیە لە بە پاڵەوانکردنی ئەوکەسانە و ھانیاندەدا بۆ خۆکوشتنیان، بە ئامادەکردنی جۆرەھا ڕاپۆرت و لێدوان و گەورەکردنی لە ڕادەبەدەری بابەتەکە و ئاسان گەیشتن بەھەموو ماڵێك، تەنانەت چوونە وردەکاری چۆنێتی ڕوداوەکە، کە ئەمە ئەگەر کاریگەری زۆر خراپی ھەیە، چونکە میدیا بەبێ فلتەر دێتە ھەموو ماڵێک و بەردەستی تاک.

لە کۆتایشدا باسی لەوەکرد، ناھۆشیاری بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کێشە خێزانییەکان دروستکردووە، لە نەبوونی سۆزی خێزانی و سەرقاڵی دایکوباوک، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو بۆشاییەیان پڕکردووەتەوە، بەگشتی لەبری ئەوەی میدیا ئەرکی ھۆشیاری و گرنگیپێدانی پەروەردەیی و ڕێنیشاندەری تاک بێت لە چۆنێتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەمڕۆی جیھانی تەکنەلۆژیا، بەپێچەوانەوە نائارامی دەروونی، تێکچوونی شیرازەی خێزان، دەستبردن بۆ ھەندێ بابەت  بۆ زیاد بوونی ڤیوو لایک و کۆمێنت ناهۆشیاری زیاتری بڵاوکردووەتەوە.