ڕێپاک: دەبێت ژنان بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی جێبەجێ بکەن

ڕێپاک بە بۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی شنگالەوە ڕایگەیاند، بانگەواز لە ڕای گشتی، لە هەموو ژنان و لە هەموو مرۆڤایەتی دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیارییەکانیان لە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی جێبەجێ بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ئافرەتانی کوردستان (ڕێپاک)، بە بۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی شنگالەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی ڕێپاک بەم شێوەیەیە:

“گەلی ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە هۆی کولتوور، بیر، باوەڕ و نەریتە کۆنەکانی، بووە بە بنەمای دروستبوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە بیر، باوەڕ و کولتووری خۆیان ژیان دەکەن، لە مێژووەوە هەتا ئەمڕۆ، لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکان و نۆکەرەکانیانەوە، بەردەوام بوونەتە ئامانجی هێرش، داگیرکاری و کۆمەڵکوژی، کۆمەڵگەی ئێزدییش یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی کە تووشی زۆر داگیرکاری و جینۆساید بووە.

 

لە مێژووی نوێدا، هەموو مرۆڤایەتی شایەتیجینۆسایدێکی دیکە بوو کە بە سەر گەلی ئێزدیدا هات، لە ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤، ڕێکخراوی داعش بە هێزێکی گەورە هێرشێکی دڕندانەی بۆ سەر شنگال ئەنجام دا، ئەم هێرشە وەک جینۆسایدی ٧٤ـەم ناسرا، کە وەک جینۆسایدی گەلی ئێزدی دەناسرێت، لە ئەنجامی ئەم جینۆساید و کۆمەڵکوژییەدا، کۆمەڵگەی ئێزدی تووشی کۆمەڵکوژییەک بوو کە هەرگیز لە بیرەوەری مرۆڤایەتی ناسڕێتەوە، ئەگەر بەرخودانی شەڕڤانانی ئازادیی کورد، بە پێشەنگایەتی ١٢ سوارەکە، نەبوایە، ئەوا ئەنجامی ئەم جینۆسایدە زۆر خراپتر دەبوو.

 

نزیکەی ٦ هەزار و ٤٠٠ ژن و منداڵ ڕفێنران

لە ئەنجامی ئەم جینۆسایدەدا، هەزاران کەس کوژران و نزیکەی ٦ هەزار و ٤٠٠ ژن و منداڵ ڕفێنران، بێسەروشوێن کران و تووشی دەستدرێژی، تاوانی ڕەگەزی و توندوتیژیی سیستەماتیک بوون، هەروەها سەدان هەزار کەسیش لە شوێنی نیشتەجێبوونیان ئاوارە و کۆچبەرکران، هێشتا برینەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە تازەن، لە دوای کۆمەڵکوژییەکەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٨٠ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، کە پڕن لە تەرمی ژن، منداڵ و پیاوانی ئێزدی، هێشتاش چارەنووسی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچانی ئێزدی کە دیل گیران و وەک کۆیلە لە بازاڕەکاندا فرۆشران، نادیارە.

 

لەبەر ئەوە، ٣ـی ئاب لە هۆشی کۆمەڵگەی ئێزدی، بە گشتی لە هۆشی کۆمەڵگەی کوردستان و جیهاندا، وەک ڕۆژێکی ڕەش مایەوە، لە دوازدەهەمین ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژییەدا، سەرەتا بە ڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدانی جینۆسایدەکە دەکەینەوە، ئەو هێرشەی کە ئامانجی لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدی بوو، بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئێمە هاودەردی ئازار و برینەکانی ژنان، منداڵان و هەموو گەلی ئێزدی دەبین، کە لە ئەنجامی ئەم فەرمانەدا تووشیان هاتووە.

 

هەرچەندە لە ئاستی نێونەتەوەییدا ئەم کۆمەڵکووژییە وەک جینۆساید ناسێنراوە، بەڵام هێشتا مەترسیی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکووژیی بە سەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا کۆتایی نەهاتووە، ڕێککەوتنەکانی وەک ڕێککەوتنی ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕێگە لە مەترسیی کۆمەڵکووژیی گەلی ئێزدی ناگرن، بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانە، هەموو هێزەکانی هەرێم و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت بەرپرسیارییەتی خۆیان لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی شنگال جێبەجێ بکەن.

 

لەسەر ئەم بنەمایە، بانگەواز لە ڕای گشتی، لە هەموو ژنان و لە هەموو مرۆڤایەتی دەکەین، کە ئەرک و بەرپرسیارییەکانیان لە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی جێبەجێ بکەن، لە ساڵیادی ٣ـی ئاب، کە ڕۆژی جینۆسایدی گەلی ئێزدی و کۆمەڵکوژیی ژنانە، پەیمانی خۆمان بۆ دادپەروەری و یەکگرتوویی بەهێزتر دەکەین، کۆمەڵکوژی ٧٤ـەم تەنها هەوڵێک بۆ لەناوبردنی بوونی گەلێک نەبوو، بەڵکو لە هەمان کاتدا سیاسەتێکی سیستەماتیک بوو کە دژی ناسنامە، جەستە و بوونی ژنانی ئێزدی جێبەجێ کرا، لەسەر ئەم بنەمایە، ئەو تێکۆشانەی کە ژنانی ئێزدی ئەمڕۆ بەردەوامی پێ دەدەن، شوێنێکی مێژوویی و ڕەوای هەیە، بە ڕێکخستنی خۆیان، بە دڵنیاییەوە ئازادیی خۆیان و گەلەکەیان مسۆگەر دەکەن و دەیپارێزن