ڕێپاک: دەسەڵاتی خاوەن ئەقلیەت ‌و زیهینەتێكی پیاوسالاریە بەرپرسی سەرەكی‌ ڕووداوەکانی سەر ژنانە

ڕێپاک بەیاننامەیەکی نوسراوی لەبارەی هێرشکردنە سەر ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵ لە هوانەی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەسەڵاتی باشوری كوردستان بەهۆی ئەوەی خاوەن ئەقلیەت ‌و زیهینەتێكی پیاوسالاریە بەرپرسی سەرەكی‌ و یەكەمە لەو بارودۆخەی ئەمرۆ ژنان تێیدا دەژین.

ناوەندی هەواڵ

 

رێكخراوی پەیوەندیەكانی ژنانی كورد(REPAK) لە بارەی رووداوەکەی هوانە کە ژمارەیەک گەنج هێرشیان کردە سەر ژنێکی گەنج و روداوەکەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە دەڵێت: ئەو روداوانەی لەم ماوەیەی دوایی لە باشوری كوردستان رویانداوە‌و روودەدەن شەرمەزاریەكی گەورەیە.

 

 رێکخراوەکە روداوی دەستدرێژیکردنە سەرکچێکی لە سلێمانی بەبیر هێناوەتەوە و دەشڵێت: هێرشەكان بۆ سەر ژنان، راستی هێرشێكی بەرفراوانمان دەخاتە بەرچاو كە ئیتر بارودۆخ لەدەست دەردەچێت‌ و ئەگەر رێگری لێ نەكرێت، هەر ژنێك رووبەڕووی ترسێكی وا دەبێتەوە كە داخۆ لەكوێ ‌و بەچ شێوازێك رووبەرووی هێرش ‌و دەستدرێژی ببێتەوە.

 

بە ئاماژە بە پێشکەوتنەکانی ژنان لە جیهان و ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕێکخراوە دەڵێت: لە باشوری كوردستان وەك پیشەی هەمیشەیی نەك تەنیا زیاتر دوا دەكەوێت لە پرسی ژن، بەڵكو لە كوشتن‌و دەستدرێژی ‌و سوكایەتیكردن بە ژن ‌و ناچاركردنی ژن بە خۆكوشتن وەك بڵێیت لە پێشبڕكێدابێت وایە.

 

 وتوشیەتی “دەسەڵاتی باشوری كوردستان بەهۆی ئەوەی خاوەن ئەقلیەت ‌و زیهینەتێكی پیاوسالاریە بەرپرسی سەرەكی‌ و یەكەمە لەو بارودۆخەی ئەمرۆ ژنان تێیدا دەژین. چونكە تەواوی ئەو هێرشانە هێرش گەلێكی زیهینی ‌و گرێدراون بە ئەقڵیەتەوە، ئەو دەسەڵاتەش بەهۆی نەبونی زیهنیەتێكی دیموكراسی بووەتە رێگە خۆشكەر بۆ زیادبونی ئەو هێرش‌ و پەلامارانەی كە هەر رۆژ دەبن بە پەڵەیەكی رەش بەسەر نێوچەوانی بەڕێوەبەرانی ئەو هەرێمە”.

 

داوای لە تەواوی رێكخراوەكانی ژنان ‌و چالاكوانان کردووە بڵێین ئیتر بەسە،  و دەشڵێت: پێویستە هەرچی زوتر هێزو توانامان باشتر رێك بخەین‌ و چالاكی زیات ر‌و هەڵوێستی رادیكاڵترمان هەبێت بۆ ئەوەی ببینە فشاری زیاتر بۆ كۆتایی هێنان بە هێرش ‌و دەستدرێژیەكانی سەر ژنان ‌و دیموكراتیزەكردنی سیستەم‌ و دەسەڵاتی باشوری كوردستان.