برسێتی و قەیران تەنگی بە کەرتی غەززە هەڵچنیوە

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە ١٥٨هەمین ڕۆژیدایە، دانیشتوانی کەرتی گەمارۆدراو، بەتایبەتی ناوچەکانی باکوور و ناوەڕاست، بەدەست نەبوونی پێداویستی دەناڵێنن، کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی ٣١ هەزار کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، وەزارەتی تەندروستی لە غەززە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد دانیشتوانی باکووری کەرتی غەززە لە برسێتی ڕزگار بکەن و جەختی لەوە کردەوە، بۆردومانکردنی ناوچەکان بووەتە کارێکی ڕۆژانە کە ئیسرائیل ئەنجامی دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانی ئیسرائیل جارێکی دیکە سنوری یارمەتییە مرۆییەکانی لە بازنەی کوێت بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون، بەمەش ژمارەی کوژراوان گەیشتە زیاتر لە ٤٠٠ کەس و ١٣٠٠ بریندار.

 

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هاوکارییە مرۆییانەی دەگەنە غەززە زۆر سنووردارە و پێداویستییەکانی خەڵک پڕناکاتەوە، غەززە دەبێتە یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین ڕێژەی برسێتی تێدا دەبێت، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی هاوڵاتیان بە پێداویستییە سەرەتاییەکان.

 

داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، خەڵکی غەززە بە برسێتی و لەژێربوونی قەیران نەخۆشی نەهێڵنەوە، ئەگەر شەڕ و ململانێ بەم شێوەیە بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە پزیشک و پەرستارەکانیش بە هەمان شێوە دەمرن و ڕۆژانە ژمارەی زیانلێکەتووان و کوژراوان بەرزدەبێتەوە، چونکە ئەو ڕێگرییە بەردەوامە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ٢٧ کەس.

 

هێرشەکانی ئەم دوواییانەی ئیسرائیل بەم شێووەیە بوو، لە سێ هێرشی فڕۆکەکانی هێزەکانی ئیسرائیل، بۆ سەر ماڵە مەدەنییەکان لە گەڕەکەکانی سەبرا، شێخ جلین، و تەل حەوا لە کەرت غەززە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٠کەس و ٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها چوار کەسی دیکەش لە دوو ماڵ لە کەمپی جەبەلی گیانیان لەدەستدا، هەروەها بۆردومانی ماڵێک لە شارۆچکەی بنی سوهیل لە ڕۆژهەڵاتی شاری خان یونس ڕوویداو بەهۆیەوە ٨ هاوڵاتی کوژران، ژمارەی بێسەروشوێنەکانیش تا ئێستا دیار نییە،

 

ژمارەی قوربانیانی بۆردومانی کەرتی غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە ماوەی شەش مانگدا گەیشتووەتە، ٣١ هەزار و ١٨٤ کەس گیانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا ژمارەی بریندارەکان گەیشتوەتە زیاتر لە ٧٢ هەزار و ٨٨٩کەس.