نیشتیمان جەمیل: دەبێت کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەو هۆشیاری بکرێتە مەرجی پێش هاوسەرگیری
ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیادی کردووەو نیشتیمان جەمیل، توێژەری دەروونی هۆکارەکەی بۆ هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵی و کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-لەمانگی رابردوو لە عێراق زیاتر لە حەوت هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری هەلوەشاوەتەوە، ئاماری جیابووەکان ڕوو لە هەڵکشانەو بە بۆچوونی تویژەرانی دەروونی، خراپی ئابووری وجەنگ و هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵییدا، هۆکارە بۆ ئەم حاڵەتە زۆرانە.
نیشتیمان جەمیل گەرمیانی، تویژەری دەروونی سەبارەت بەم پرسە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: ئەوەی ئێستا ئامارەکان پێمان دەڵێن، جیابوونەوەیەکی زۆر لە عێراقدا ڕووی داوە، ئەمەش بۆ بارودۆخی سیاسی دەگەڕێتەوە کە لەم چەند مانگەدا ڕووی لە وڵاتەکەمان کردووە بەهۆی شەڕی ئیران ئیسرائیلەوە کە کاریگەری زۆر خراپی هەبووە لەسەر وڵاتەکەی ئێمە و کاریگەری بەجێهیشت، گرانیەکی زۆر یبەدوای خۆێدا هێنا، ناهەموواری دەروونی دروست کردو توشی دۆخێکی نائاسایی بوون کە لەماڵی هەریەکێکدا بونی هەبوو، ئەمانە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی لەناو خێزانەکان ئاژاوایەک یان کێشەیەک بوونی هەبێت، دواتر ڕێژەی بێکاری و خەرجی زیاد بکات، ئەم لایەنە ئابووری و زیاد بوونی قەرزە لەسەر خێزانەکان هەموو هۆکار بوون بۆ ئەوەی جیابوونەوە و ڕێژەیەکی زیاتر رووبدات، سەرەرای ئەوەش کۆمەلێک هۆکاری تر هەن.
"ئەوانەی زۆر جیادەبنەوە ئەو گەنجانەن کە دوو ساڵە هاوسەرگیریان کردووە"
نیشتیمان جەمیل ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گەنجانەی تازە هاوسەرگییریان کردووە زیاتر جیادەبوونەوەو وتی: بەپێی تەواوی توێژینەوەکان ئەوانەی جیادەبنەوە ئەوانەن کە دوو ساڵی یەکەمی هاوسەرگیریان تێپەڕاندووە، ئەوانەش خەلکانی گەنج و کەم ئەزموونن، چاوی کۆمەلگە ئاسایی بووە کە ئەگەر دووکەس پێکەوە نەگونجێن جیاببنەوە، لەساڵانی رابردوودا، خەلک قبولی زۆر شتی دەکرد کە تەنها جیانەبێتەوە بەڵام ئیستا دیدگای کۆمەڵگە گۆراوە، سەبارەت بەو کەسانەی جیادەبنەوە چ ژن چ پیاو ئاساییەو ئەم ئاسایی بوونەوە لەلایەک باشە ڕێگری دەکرێت لەوەی لەماڵێکدا پر لە ئاژاوە بێت، لەلایەکیشەوە خراپەکەی ئەوەیە ئەگەر منداڵیان هەبێت منداڵەکە دەبیتە قوربانی زەرەرمەندی سەرەکیش ژن و منداڵن، ئەو پەروەردە جوانە نابێت کە منداڵ دەبێت هەیبێت، لای دایک بیت یان باوک واتە جاری واهەیە دایک و باوک ناتوانن پەروەردەی باش بکەن لەبەر دەمە قاڵەو ئاژاوەی خۆیان.
"تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هۆکارێکی ترەو میوانێکی ناوەختە"
سەبارەت بە زۆری هۆکارەکانی جیابوونەوە نیشتمان جەمیل گەرمیانی وتی: تۆڕی کۆمەڵایەتی میوانیکی ناوەختەو نازانین بەکاری ببهێنین، چونکە خۆ بەراورد کردن بە کەسێک کە ڤلۆگ و کەسێک کە ریکلام دەکات ئەمە کاریگەری دەکات بەوەی دەوترێت کە کەلوپەلی ماڵەکەم بۆ وانییە بۆ ناتوانم وەک ئەو گەشت بکەم .یان ئارەزووی خۆ دەرخستن و ئەمە دەبێتە هۆی کێشەو دواتر شیرازەی ماڵەکان بەرەو هەلوەشاندن دەچێت.
"کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەی هۆشیاری بکرێتە مەرج پێش هاوسەرگیری"
نیشتیمان جەمیل ئاماژەی بەوەکرد، بۆ هەر کێشەیەک دەبێت جارەسەرێک هەبێت، تەواوی توێژەران کۆکن لەسەر ئەوەی هۆشیاری بڵاو بکەنەوەو بزانن ئەوەی لە ڤیدیۆکان دەبینرێت تەنها ڤیدیۆیەو ژیانی راستی نییە،مەرج نییە لەماڵەوەش وابن ، خەڵکانیک هەن لە ڤیدیۆکانیان ئەوپەری خۆشەویستی دەردەبڕن، بەڵام لە ژیانی ڕاستیدا چوار جار جیابۆتەوە، خاڵێکی تر لە خویندنگەکاندا بەتایبەت کچان و کوران بیر لە هاوسەرگیری نەکەنەوە لە تەمەنی منداڵیداو چونکە تەمەنی مناڵ وادەکات ئەرک و بەرپرسیارێتی هەلناگیرێت و وادەکات هەڵوەشاندنەوە ڕووبدات.
لە کۆتایی قسەکانیدا نیشتیمان جەمیل ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکان کۆکن لەسەر ئەوەی وەک چۆن پێش پرۆسەی هاوسەرگیری پشکنینی خوێن دەکرێت ئاواش سەنتەرێکی تویژینەوە هەبێت تا گەنجەکان لە بەجێهێنانی ئەرکی دایک و باوک ئاگادار بکەن، تاوەکو نەبیتە جێگای دڵگرانی و دڵشکان، چونکە ئێستا هەموو دوو تاکێک لە سەر بنەمای خۆشەویستی هاوسەرگیری دەکەن کە سۆزو عاتیفەیەکی پێش بەیەک گەیشتنە پەیوەندیەکە لەسەر بیرکرنەوەو ئامانخی ژیان و بیرکردنەوە بێت، بۆیە کە ژیان لێکترازا دەوترێت بۆ خۆ لەسەر بنەمای خۆشەویستی بوو، بێئاگا لەوەی باس لە ئامانج و بنەماکانی ژیان نەکراوە کە کۆتا جار تەنها ژنان و منداڵان زیانبەرکەوتوو دەبن.