نووسەری بایۆگرافیای "میهری دایکم": لە ڕۆژئاوا چەندەها شەڕڤان نیشتیمانیان پاراست

بایۆگرافیای "میهری دایکم" کە لەلایەن نووسەر ئارەزوو عەبدولخالق نووسراوە بڵاوکرایەوە، نووسەر دەڵێت: حەز دەکەم دەنگی ژن بگەیەنم، ژن هەمیشە لە کۆمەڵگەدا وڵاتپارێزە شەڕڤانە هەموومان بینیمان لە ڕۆژئاوا چەندەها شەڕڤان چۆن پارێزگاریان لە نیشتیمان کرد.

سلێمانی

 

ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنی "CDO" بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی کولتووری، چالاکییەکی ئەدەبی–کولتووری بۆ پێشکەشکردنی پەرتوکی "بایۆگرافیی میهری دایکم" رێکخست کە لە نووسینی نووسەر ئارەزوو عەبدولخالقە، تییدا ژمارەیەک ئەدیب، ڕەخنەگر و خوێنەری هۆنەری ئامادە بوون و باس لە ناوەڕۆک، بیرۆکە و گرنگیی پەرتوکەکە لە ڕووی مرۆیی و کۆمەڵایەتییەوە کرا.

 

چالاکییەکە بە دیالوگێکی کراوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئامادەبووان کۆتایی هات و ئامانجی سەرەکیی بریتی بوو لە پشتیوانی لە نووسین و بڵاوبوونەوەی ئەزموونی ژیانی ژنان لە ئەدەبی کوردیدا.

 

"پێویستمان بەوەیە یەکدەنگ بین"

فاروق قەرەداغی پرۆفیسۆری یاریدەدەر کە ناساندی پەرتوکەکەی کرد وتی: ئێمە پێویستمان بەوەیە یەکدەنگ و یەک بیر و یەک ڕەنگ بین، دەبێت هەموومان مرۆڤ بین، ئەم بایۆگرافیە باسی خەسڵەتەکانی دایکی کردووە بە بیری خۆی، زمانی من و بایۆگرافی من، شتێکی نوێیە لە هونەردا و پێش ئەم کەس نەیکردووە، یەکەم کەسە، دایک لای ئارەزوو ‌هێمایە، تەنها بۆ دایکی خۆی نەنووسیوە بۆ هەموو دایکێکی نووسیوە، چونکە هەندێک وشە هەیە تەنها ئەو کەسانە دەیزانن کە لەو شوێنە بوون.

 

ئارەزوو عەبدولخالق، نووسەری بایۆگرافیای میهری دایکم لە بارەی پەرتوکەکەیەوە وتی: بایۆگرافیای میهری دایکم دەمەوێت شتێک بڵێم کە ببێتە سەرنج کاتێک بە دەستان دەگات، باسی دایک و خوشک و براکانم دەکەم بەڵام ناوی ئەوانی تێدا نییە، چونکە دەمەوایت گشتگیر بێت بۆ هەموو ئەو دایکانەی کە دایک و باوک بوون بۆ منداڵەکانیان، حەزم کرد گشتگیر بێت و هەر کەسێک بیخوێنێتەوە بە هی خۆی بزانێت، کەسێک دەیخوێنێتەوە بە دایکی خۆی بزانێت.

 

وتیشی: دەستی دایکم لە لۆکە دەچوو کاتێک برینەکانی باوکمی سارێژ دەکرد بە بێ دەستکێش، کاتێک ١٣ ساڵ بووم باوکم بە دایکمی دەوت چۆن بێز ناکەیتەوە بێ دەستکێش برینەکانم پاک دەکەیتەوە، کاتێک باوکم نەخۆش بوو کاتیێکی سیاسی قورس بوو لە باشوور بەردەوام پەرتوکەکانی  چاک دەکرد بۆ خوێندکارەکان، قەت بیرم ناچێت، من بەردەوام خۆم بە خوێندنگەی نوسین دەزانم، لە دوا دێردا دەڵێم دایکم کاتێک کولێرەکانی بە مشتێک پوش ئەشقەوە دروست دەکرد لەو جۆگەیە دەچووو کە ئاوی تێدا دەچێت بۆ شینایی.

 

"حەز دەکەم دەنگی ژن بگەیەنم"

ئارەزوو عەبدولخالق بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: بایۆگرافیای میهری دایکم، پێشکەشمان کرد بەو ژنانەی کە هاوژینەکانیان لە تەمەنێکی کەمەوە نەماوەو منداڵەکانیان بە تەنیا گەورە کردووە، ئامانجی من ئەوەیە حەز دەکەم دەنگی ژن بگەیەنم ژن هەمیشە لە کۆمەڵگەدا پزیشکە، مامۆستایە، وڵاتپارێزەو شەڕڤانە، هەموومان بینیمان لە ڕۆژئاوا چەندەها شەرڤان چۆن پارێزگاریان لە نیشتیمانەکەیان دەکرد، دەنگی ژن با هەمیشە لە نووسینەکان و بایۆگرافیەکاندا بێت، دەبێت هەموومان ڕۆڵی ژن بەرجەستە بکەین.