نوێنەرایەتی هەدەپە: تائێستا ٧ ئەنداممان لە سلێمانی تیرۆر کراوە

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا لە سلێمانی ٧ ئەندامیان تیرۆر کراون، پێویستە حکومەت و لایەنەکانی هەرێم هەوڵی جدیی بخەنەگەڕ بۆ ڕاگرتنی ئەو کردەوانە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە ناوەندی نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر، لەبارەی تیرۆرکردنی "عەبدولقادر سەبری تۆپراک"، لە شاری سلێـمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا.

 

ئاماژە بەوەکرا، کردەوە تیرۆرییەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک دژ بە ئازادییخوازان لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە، لەبەرامبەریشدا بەرپرسان و حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو تاوانانەدا بێ دەنگییان هەڵبژاردووە، هاوڵاتییانی باکووری کوردستان بەهۆی فشار و ستەمەکانی حکومەتی ئەکەپە-مەهەپە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەبری تۆپراک-یش یەکێکە لەوان و ماوەی ١٢ ساڵە لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لە شاری سلێمانی دەژین، بەڵام ئێوارەی دوێنێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک تیرۆ کرا.

 

ئەوەشخرایەڕوو، تیرۆرکردن و کوشتنی ئازادیخوازان و وڵاتپارێزان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەردەوامی هەیە، لە شاری سلێمانی ٧ ئەندامیان تیرۆرکراوە، هەروەها شارەکانی هەولێر و دهۆک خەڵکی باکووری کوردستان تیرۆر دەکرێن، بۆیە پێویستە بۆ ڕاگرتنی ئەو تیرۆرانەی دەوڵەتی تورک، حکومەت و بەرپرسانی هەرێم هەوڵی جدیی بدەن .

 

هەروەها داوا لە هاوڵاتییان و ئازادیخوازانی باشووری کوردستان کرا، ڕێگە نەدەن خاکی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی کردەوە تیرۆریستییەکانی دەوڵەتی تورک.

 

لە کۆتایی کۆنگرەکەدا جەختلەوەکرایەوە،  دەوڵەتی داگیرکەری تورک ناتوانێت ئیرادە و ئازادی گەلی کورد بشکێنیت، بۆیە لە بەرامبەر هێرش و کردەوە تیرۆرییەکانی دەوەستنەوە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان و خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی.