نوێنەرایەتی هەدەپە: حکومەتی هەرێم بێ هەڵوێستە لە ئاست هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا

نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە تا ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشان نەداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ نوێنەرایەتى هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە لە شاری هەولێر کۆنگریەکى ڕۆژنامەنووسییان لەبارەی هێرشەکانی شەوی ١ی شوباتی ٢٠٢١ بۆ سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور و شەنگال و شارۆچکەی دێرک-ی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.

 

کەریم وەیسی، ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە ئاماژەی بەوەدا کە چەکدارانی داعش بە هاوکاری تورکیا پیلانیان دەستگرتن بوو بەسەر شاری حەسەکەدا و ئامانجیان زیندووکردنەوەی داعش بوو، بەڵام شەڕڤانان ئەو پیلانانەیان هەڵوەشاندەوە.

 

ئەو ئەندامەی نوێنەرایەتی هەدەپە ڕاشیگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر شکستی پلانەکانیدا شەوی ١ى ئەم مانگە هێرشی کردە سەر مەخمور، وتیشی: بەهۆی ئەوەی تورکیا لەبەرامبەر شەڕڤانان شکستیهێناوە سەرکەوتنی شەڕڤانان قبوڵ ناکات لای دەوڵەتى داگیرکەرى تورک و هێرشەکەشیان بۆ سەر کامپی مەخمور و شاری دێریکی رۆژئاوای کوردستان، کە چەندین قوربانی لێکەوتەوە لەو چوارچێوەیەدا بووە.

 

نوێنەرایەتی هەدەپە داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ناتۆ و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا کرد کە بێدەنگ نەبن بەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا چونکە سەروەری خاکی عێراق و کوردستان دەشكێنێت و هاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج.

 

لە کۆتایشدا کەریم وەیسی وتی: تاوەکو ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکی نیشان نەداوە بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەرى تورک و هیوادارین، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی سەردانەکەی بۆ تورکیا بۆ سەرکەوتنی گەلی کورد گفتوگۆ بکات.

 

ت.پ