نەوال سەعداوی نوسەری بەناوبانگی میسری کۆچی دوای کرد
نەوال سەعداوی نوسەری بەناوبانگی میسر، هەروەها داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لە ڕۆژی یەک شەممە لە ٢١ ئاداردا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد
نەوال سەعداوی نوسەری بەناوبانگی میسر، هەروەها داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لە ڕۆژی یەک شەممە لە ٢١ ئاداردا لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژنامەی ئەهرامی میسری ئەمڕۆ لەسەر زاری کچەکەیەوە هەواڵی کۆچی دوایی نەوال سەعداوی ڕاگەیاند، کە ماوەیەک پێش ئێستا باری تەندروستی تێکچوو و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە
نەوال سەعداوی نووسەر، ڕۆماننووس هەروەها داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بوو لە ساڵی ١٩٣١ لە گوندی کەفەی سەر بە شاری قلیوبیەی میسر لە دایکبووە. خاوەنی چەندین بەرهەم و کتێبە لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ژنان، چەندین خەڵاتی بەهۆی بەرهەمەکانیەوە پێبەخشراوە
دکتۆرەیەکی بوێر بووە و زۆ جاریش بەهۆی بەرهەمەکانیەوە ڕەخنەی توندی لێگیراوە. لە بەرهەمێکیدا بە ناوی ( ژن و سێکس ) ڕەخنەی لە خەتەنە کردنی ژنان گرت لە لایەن خێزانە میسرییەکانەوە کە کتێبەکەی بووە هۆی دەرکردنی لە کارەکەی وەک سەرنووسەری گۆڤاری تەندروستی. بەڵام هیچکات لە هەوڵەکانی نەوەستاوە و هەمیشە بۆتە سیمبولی ژنان لە میسر و بە دایکی ژنانی میسر ناسراوە.
لە ساڵی ١٩٥٨ دا یەکەمین ڕۆمانی بە ناوی (بیرەوەریەکانی دکتۆرەیەک) بڵاوکردەوە و بەشێک لە بەرهەمەکانیشی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، کۆمەڵەی هاوکاری ژنانی عەرەب لە ساڵی١٩٨٢ دامەزراند و یارمەتی دامەزراوەی عەرەبی بۆ مافەکانی مرۆڤدا
هەروەها نەوال سەعداوی چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، کە لە گرنگترینیان خەڵاتی باکور و باشور لە ئەنجومەنی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠٠٤، خەڵاتی من لەکوێم لە بەلجیکا ساڵی ٢٠٠٥، خەڵاتی ماکبراید بۆ ئاشتی لە سویسرا ساڵی ٢٠١٢، خەڵاتی سەد ژن لە کاناڵی بی بی سی ساڵی ٢٠١٥ پێبەخشرا.