نەتەوەیەکگرتووەکان: ڕۆژانە ١٣٧ ژن و منداڵ بە دەستی کەسوکاریان دەکوژرێن
ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، لەمساڵدا، ڕۆژانە ١٣٧ ژن و منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستی خزم و کەسوکاریان کوژراون، کە زیاتر لە ٦٠٪ـی کوشتنەکان لەلایەن ئەندامێکی بنەماڵەکەیانەوە بووە.
ناوەندی هەواڵ
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوان، لەگەڵ دەستەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی ۲٥ـی تشرینی دووەمەوە، ڕاپۆرتی تاوانەکانی کوشتنی ژنانی ساڵی ٢٠٢٥ـی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە کە لە سەرانسەری جیهاندا، ڕۆژانە ١٣٧ ژن و منداڵ دەکوژرێن و زیاتر لە ٦٠٪ـی ئەو ژنانەی کوژراون، بەدەستی هاوسەر یان ئەندامێکی بنەماڵەکەیان کوژراون.
سارا هێندریکس، بەڕێوەبەری دەستەی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: تاوانەکانی کوشتنی ژنان خۆبەخۆ ڕوونادەن، بەڵکو زۆرجار بەهۆی توندوتیژی دیجیتاڵییەوە خراپتر دەبن و دەگەنە ئاستی کوشتن.
هێندریکس جەختی کردەوە، کە ژنان پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا مافی پاراستنی تەندروستی و ئاسایشیان هەبێت و داواشی لە حکومەتەکان کرد، دەستوەردانی خێرا بکەن و جەختی کردەوە "بۆ پێشگرتن لەم تاوانانە، پێویستە یاسایەکی تۆکمە و کاریگەر هەبێت بۆ ڕێگری لە توندوتیژی دژی ژنان."