نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان لە سێ مانگدا ١٣٧ سزای جەستەییی جێبەجێ کردووە
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری لە توندبوونەوەی بەربەستەکان و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی ژنان و پیاوان لەلایەن تاڵیبانەوە دەدات، کە سزادانی جەستەیی و قامچی لێدانی لەبەرچاوی خەڵک لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە نێوان مانگەکانی نیسان تا حوزەیرانی ئەمساڵدا، سەپاندنی بەربەستەکان بەسەر ژناندا بەردەوام بووە و لە هەندێک حاڵەتدا بە توندترین شێواز جێبەجێ کراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە مانگی حوزەیراندا لە هەرات لانی کەم ٣٠ ژن بە تۆمەتی “باڵاپۆشیی نەگونجاو” دەستگیر کراون، هاوکات مامۆستایانی ئایینی و مەلای مزگەوتەکانی ئەو پارێزگایە ڕێنماییان پێدراوە کە باڵاپۆشی دەبێت تەواوی جەستە جگە لە چاوەکان داپۆشێت و هیچ مەکیاژ و بۆنێکی پێوە نەبێت.
هەروەها ناوەندە بازرگانی و تەندروستییەکان، تەنانەت لە قەندەهاریش، فەرمانیان پێدراوە کە خزمەتگوزاری بە ژنان بەبێ مەحرەم یان پیاوانی بنەماڵەکانیان پێشکەش نەکەن.
سەبارەت بە پێشێلکارییەکان هاتووە: لەم ماوەیەدا، لانی کەم ٣٨٩ ڕووداوی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ٦٥ ڕووداوی توندوتیژی لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە تۆمارکراون کە زۆربەی حاڵەتەکان پەیوەندیدار بوون بە پێشێلکردنی یاساکانی باڵاپۆشیی ژنان، یان تاشینی ڕدێن، شێوازی قژی ڕۆژئاوایی بۆ پیاوان و گوێگرتن لە مۆسیقا.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو سێ مانگەدا ١٣٧ ڕووداوی سزادانی جەستەییی دادوەری، لەوانە قامچی لێدان لەبەرچاوی گشتیدا جێبەجێ کراوە کە ٢٥ ژن و ١١٢ پیاوی گرتووەتەوە.