نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان لە سێ مانگدا ١٣٧ سزای جەستەییی جێبەجێ کردووە
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا هۆشداری لە توندبوونەوەی بەربەستەکان و دەستگیرکردنی هەڕەمەکی ژنان و پیاوان لەلایەن تاڵیبانەوە دەدات، کە سزادانی جەستەیی و قامچی لێدانی لەبەرچاوی خەڵک لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە نێوان مانگەکانی نیسان تا حوزەیرانی ئەمساڵدا، سەپاندنی بەربەستەکان بەسەر ژناندا بەردەوام بووەو لە هەندێک حاڵەتدا بە توندترین شێواز جێبەجێ کراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە مانگی حوزەیراندا لە هەرات لانی کەم ٣٠ ژن بە تۆمەتی “باڵاپۆشیی نەگونجاو” دەستگیر کراون، هاوکات مامۆستایانی ئایینی و مەلای مزگەوتەکانی ئەو پارێزگایە ڕێنماییان پێدراوە کە باڵاپۆشی دەبێت تەواوی جەستە جگە لە چاوەکان داپۆشێت و هیچ مەکیاژ و بۆنێکی پێوە نەبێت.
هەروەها ناوەندە بازرگانی و تەندروستییەکان، تەنانەت لە قەندەهاریش، فەرمانیان پێدراوە کە خزمەتگوزاری بە ژنان بەبێ مەحرەم یان پیاوانی بنەماڵەکانیان پێشکەش نەکەن.
سەبارەت بە پێشێلکارییەکان هاتووە: لەم ماوەیەدا، لانی کەم ٣٨٩ ڕووداوی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و ٦٥ ڕووداوی توندوتیژی لەلایەن ئەندامانی تاڵیبانەوە تۆمارکراون کە زۆربەی حاڵەتەکان پەیوەندیدار بوون بە پێشێلکردنی یاساکانی باڵاپۆشیی ژنان، یان تاشینی ڕدێن، شێوازی قژی ڕۆژئاوایی بۆ پیاوان و گوێگرتن لە مۆسیقا.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو سێ مانگەدا ١٣٧ ڕووداوی سزادانی جەستەییی دادوەری، لەوانە قامچی لێدان لەبەرچاوی گشتیدا جێبەجێ کراوە کە ٢٥ ژن و ١١٢ پیاوی گرتووەتەوە.