نەتەوە یەکگرتووەکان: نۆ ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆی سودان دوای سێ ساڵ لە ململانێ
سودان گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوونی لە جیهاندا هەیە: ٤.٥ ملیۆن پەنابەر لە دەرەوە، ٩ ملیۆن ئاوارە لە ناوخۆ، و ٤.٥ ملیۆن گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
سودان شاهیدی پەرەسەندنێکی بێ وێنەی قەیرانی مرۆیی وڵاتەکەیە، کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەرەو خراپی دەچن و پێداویستی بەپەلەی دانیشتووان فراوانتر دەبن، ڕێکخراوە فریاگوزاریەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی زیاتر دەبنەوە لە گەیشتن بەو کەسانەی کە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش دۆخی مرۆیی ڕۆژ بە ڕۆژ ئاڵۆزتر دەکات.
نەتەوە یەکگرتووەکان ٢٠ی حوزەیران ڕایگەیاند، کە سودان وەک گەورەترین قەیرانی ئاوارەبوون لە جیهاندا دەمێنێتەوە، کە لانیکەم ٤.٥ ملیۆن سودانی پەنایان بۆ وڵاتانی دیکە بردووە.
ماری هێلێن ڤێرنی، نوێنەری کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، دوای سێ ساڵ لە سەرهەڵدانی ململانێکان، هێشتا بر نزیکەی ٩ ملیۆن سودانی ئاوارە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ماون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای خەرتوم و جزیرە و سنار لەلایەن سوپای سودان و دواتر وەستاندنی شەڕەکان لەم ناوچانەدا، ڕاستەوخۆ بەشداربووە لە گەڕانەوەی نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەسی ئاوارە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانیان، هەروەها خەمڵاندنەکان باس لەوە دەکەن، کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار لەو گەڕاوانە تەنها چوونەتە پارێزگای خەرتوم، ئەمەش ئاماژەیە بۆ باشتربوونی ڕێژەیی دۆخی ئەمنی لەوێ.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ٢٠٢٣، سودان یەکێک لە توندوتیژترین قەیرانەکانی بەخۆیەوە بینیوە، ململانێکان بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بەپێی خەمڵاندنەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەم ئاوارەبوونە بەربڵاوە ڕەنگدانەوەی کاریگەرییە مرۆییە قووڵەکانی ململانێکە، جگە لەو ئاستەنگە بەرچاوانەی کە ڕووبەڕووی هەوڵەکانی فریاگوزاری و سەقامگیری دەبنەوە.