نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات: زیاتر لە ١٧٧ ملیۆن یەمەنی ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند دەبنەوە
قەیرانی خۆراکی بەردەوام لە یەمەن کە زیاتر لە ١٧ ملیۆن کەسی گرتۆتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵەیەک لە هۆکارە پەیوەندیدارەکان لەوانە ململانێی پچڕپچڕ، ئاوارەبوونی دانیشتووان، گێژاوی ئابووری و زۆر شتی تر.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250209-jpg273664-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
نوسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (UNOCHA) لە ڕاپۆرتی پلانی وەڵامدانەوەی پێداویستییە مرۆییەکان (HNRP) بۆ یەمەن بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ڕایگەیاندووە کە ١٧.١ ملیۆن یەمەنی، واتە نزیکەی ٤٩٪ی کۆی دانیشتووانی یەمەن، لەم ساڵدا بەدەست نائاسایشی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن.
لە ڕاپۆرتەکەدا ڕوونیکردووەتەوە کە قەیرانی بەردەوامی خۆراک لە یەمەن بەهۆی تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی هۆکارە پێکەوە گرێدراوەکانەوەیە، لەوانە “ململانێی پچڕپچڕ، ئاوارەبوونی دانیشتووان، گێژاوی توندی ئابووری، ناسەقامگیری دراوی ناوخۆیی، بەرزی نرخی تۆمارکراوی خۆراکی سەرەتایی، سنوورداربوونی داهات و دەرفەتی بژێوی، و کاریگەرییەکانی خێراترکردنی گۆڕانی کەشوهەوا.
بەپێی ئامارەکانی ئۆچا، قورسایی ئەم قەیرانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان چڕبووەتەوە، کە ١٢.٤ ملیۆن کەس تێیدا دەژین، واتە ٧٣٪ی کۆی ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی نائاسایشی خۆراکی توندەوە لە یەمەن زیانیان بەرکەوتووە، لە کاتێکدا ٤.٧ ملیۆن کەس لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەندان کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دۆخەکە جدیترە بۆ ٥.١ ملیۆن کەس کە ڕووبەڕووی ئاستێکی مەترسیداری نائاسایشی خۆراکی توند دەبنەوە، کە چوار ملیۆنیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان دەژین و یەک ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەسی دیکەش لە ناوچە حکومییەکاندا دەژین.
لە بەرامبەر ئەم قەیرانە خراپترە، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە پلانی بەرپەرچدانەوەی مرۆیی بۆ ئەمساڵ ئامانجی ئەوەیە کە بگاتە ١٢ ملیۆن کەس لەو گروپانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی نائاسایشی توندی خۆراکەوە، ئەم گروپانە بریتین لە ٦.٦ ملیۆن منداڵ لە هەردوو ڕەگەز و ٢.٦ ملیۆن ژن و ٢.٨ ملیۆن پیاو و لە ڕێگەی دابینکردنی خۆراک و پاڵپشتی بژێوی بەپەلە هاوکاری دەکرێن.