نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی یاسای سزای لەسێدارەدان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی زیندانیانیی سیاسیی لە ئێران دەکات.
ناوەندی هەواڵ
مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران ڕایگەیاند، پێویستە یاسای سزای لەسێدارەدان لە ئێران ڕابگیرێت و سزاکە بەهەموو شێوەیەک هەڵبوەشێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەیسەکانی سزای لەسێدارەدان دوور لە ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، کە زۆرینەی کەیسەکان پەیوەستن بە ناڕەزایەتییەکان.
جێی ئاماژەیە، پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بەپێشێلکاریی سیستماتیکی مافی مرۆڤ، دادگاکردنی ناڕەوا و زیادبوونی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە نیگەرانی قووڵی دەربڕی.