نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی لەسێدارەدانی ژنێکی گەنجی بەلووچی دەکات

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کاربەدەستانی ئێران کرد لەسێدارەدانی گوڵی کۆهکان، ژنێکی گەنجی بەلووچی زیانلێکەوتووی هاوسەرگیری منداڵان کە دوای چەندین ساڵ لە توندوتیژی خێزانی بۆ بەرگریکردن لە خۆی و منداڵەکەی بە کوشتنی هاوژینەکەی تۆمەتبارە، ڕابگرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

شارەزایانی مافی مرۆڤ لە راگەیاندراوێکدا دووپاتیان کردەوە، کە کەیسی گوڵی کۆهکان، ژنێکی گەنج نموونەیەکی ڕوونی هەڵاواردنی ڕەگەزی سیستماتیکە، و لەسێدارەدانی ئەو پێشێلکارییەکی سەختە بۆ مافەکانی مرۆڤ.

 

کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢ی کانوونی یەکەم ڕاگەیا دراوێکیان بڵاو کردەوە و داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە لەسێدارەدانی گوڵی کۆهکان تەمەن ٢٥ ساڵ، زیانلێکەوتووی هاوسەرگیری منداڵان ڕابگرێت.

 

گوڵی کۆهکان دوای ئەوەی هاوژینەکەی کوشت بۆ بەرگریکردن لە خۆی و منداڵەکەی دوای دووبارەبوونەوەی توندوتیژی خێزانی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، نزیکەی حەوت ساڵ لەمەوبەر دەستگیرکراوە و لە ئێستادا لە زیندانی ئەمیراباد لە شاری گۆرگان ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبێتەوە.

 

ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە بە واژۆکردنی مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، کلۆدیا فلۆریس، ئیڤانا کریستیتش، جێگری سەرۆک، دۆرسی ئیسترادا تانک، هینا لو،و لۆرا نیرینکیدی، ئەندامانی گروپی کاری هەڵاواردن دژی ژنان، هەروەها ڕیم سالم، وتەبێژی تایبەتی توندوتیژی دژی ژنان، تۆمۆیا ئۆبۆکاتا، ڕاپۆرتێری تایبەتی شێوازەکانی کۆیلایەتی هاوچەرخ، دووپاتی کردەوە کە کەیسی گوڵی کۆهکین نموونەیەکی ڕوونە لە جیاکاری سیستماتیکی لەسەر بنەمای ڕەگەز، و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی ئەو پێشێلکارییەکی ڕاستی مافەکانی مرۆڤ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێکدەهێنێت.

 

ئاماژەیان بەوە کرد، کە دۆسیەی گوڵی کۆهکان نموونەی سێکسیزمی سیستماتیکییە کە زیانلێکەوتووانی هاوسەرگیری منداڵان و توندوتیژی خێزانی لەناو سیستەمی دادوەریی ئێراندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بە زۆر هاوسەرگیری کردووە و لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا منداڵی بووە، دواتر بەرگەی چەندین ساڵ ئازاری جەستەیی و دەروونی گرتووە لەسەر دەستی هاوژینەکەی دواجار لە شەڕێکدا کوشتی لەکاتێکدا بەرگری لە خۆی و منداڵەکەی دەکرد.

 

ڕوونیان کردەوە، کە دەسەڵاتی دادوەری ئێران بارودۆخی تایبەتی گوڵی کۆهکان و ئەو شێوازە بەردەوامەی دەستدرێژیکردنە سەری پشتگوێ خستووە لە کاتی دادگاییکردنیدا تووشی بووە، هەروەها بەهۆی ئەوەی نەخوێندەوار بووە و دەستی بە ڕاوێژکاری یاسایی نەگەیشتووە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تووشی فشارێکی دەروونی توند بووە و ناچار بووە بەرپرسیارێتی تەواوی مردنی هاوژینەکەی لە ئەستۆ بگرێت، دادگا پشتی بە دانپێدانانە زۆرەملێکانی بەستووە وەک بنەمایەک بۆ سزای لەسێدارەدانی.

 

ڕایانگەیاندووە، بڕیاربوو لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەسێدارە بدرێت، بەڵام دوای حەوت ساڵ، خێزانی هاوژینە کۆچکردووەکە ڕازیبوون بە لێخۆشبوونی لە بەرامبەر فیدیەیەکی ١٠ ملیار تمەن، بەو مەرجەی کە بۆ هەمیشە شاری گۆرگان بەجێبهێڵێت.

 

ئاماژەیان بەوەکرد، کە سەختە ئەم بڕە پارەیە بدرێتە ژنێکی بەلووچ کە بەڵگەنامەی ناسنامەی نەبووە، هەروەها لەلایەن خێزانەکەیەوە ڕەتکراوەتەوە، بۆیە لەسێدارەدانی لەسەر بنەمای دادپەروەری نابێت، بەڵکو لەسەر بنەمای بێتواناییەکەی لە پێدانی پارەی خوێنی سەپێندراوە.

 

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا هۆشدارییان داوە کە لەسێدارەدانی گوڵی کۆهکان نادادپەروەرییەکی قووڵ دەبێت، هەروەها حکومەت ژنێک دەکوژێت کە ساڵانێکە بەدەست توندوتیژیی ڕەگەزییەوە دەناڵێنێت و بەرگری لە خۆی و منداڵەکەی کردووە، وتیان: دۆسیەی گوڵی کۆهکان بە ڕوونی نیشانی دەدات کە چۆن هەڵاواردنی ڕەگەزی

و پەراوێزخستنی نەتەوەیی لە یەکتردا تێکەڵ دەبن و نادادپەروەرییەکی وێرانکەر دروست دەکەن، هەروەها دۆسیەکەی نموونەی شێوازێکی بەربڵاوی هەڵاواردنە دژی ژنانە لە سەرانسەری سیستەمی دادوەری ئێراندا.