نەشمیل ڕەسوڵ: دەبێت تیمی دەروونی بۆ ڕزگاربووان دابین بکرێت

پزیشک نەشمیل ڕەسوڵ ئاماژە بەوەدەکات ڕووداوی بومەلەرزە چەندان تەنگەژەی دەروونی لای ڕزگاربوان دروست دەکات بۆیە دەبێت بیر لە دابینکردنی تیمی دەروونیش بکرێتەوە.

 

ناوەندی هەواڵ

نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونییەکان لە پەڕەی خۆی لە فەیسبوک دەربارەی بارودۆخی دەرونی ڕزگاربووانی بومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، ئاماژەی بەوەکردووە کە ڕووداو و کارەساتە سروشتیەکانی وەک بومەلەرزە هۆکارن بۆ دروست بوونی چەندان تەنگەژەی دەروونی لە ڕزگاربووان دا.

 

ئەو پزیشکە ئەوەیخستووەتەڕوو کە تەنگەژە دەروونییەکان بریتین لە دڵتەنگی، خەمۆکی، تەنگەژەی دەروونی دوای زەبر، جۆرەکانی دڵەڕاوکێ و فۆبیا، کە زیاتر لە منداڵان و خەڵکانی بەتەمەندا ڕوودەدەن لە چاو گەورەساڵان و گەنجاندا.

 

پزیشک نەشمیل ڕەسوڵ بە گرنگی دەزانیت کە لەم کاتە سەختەدا بیر لە دابینکردنی تیمی دەروونیش بکرێتەوە بۆ ڕزگاربووان، لە پاڵ دابینکردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکاندا کە پێویستیەکی حەتمیە، تا یارمەتی ڕزگاربووان بدرێت کە غەمباریی و پرسەباریی خۆیان دەرببڕن، بە کەسە نزیکەکانیان شاد بکرێنەوە و پاڵپشتی بکرێن تا ماوەیەکی دیارییکراو و پێویست.