نێرگس محەمەدی ڕەوانەی زیندانی زەنجان کراو دۆخی خراپە
مستەفا نیلی پارێزەر ڕایگەیاند، نێرگس محەمەدی لە زیندانی مەشهەدەوە بۆ زیندانی زەنجان گواستراوەتەوە، بەهۆی ئەشکەنجەدانییەوە تووشی سەرگێژبوون و لێڵی بینینی چاوەکانی بووە.
ناوەندی هەواڵ
مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگس محەمەدی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” دەربارەی بارودۆخی نێزگز محەمەدیی لە زینداندا زانیاری نوێ خستەڕوو ئاماژەی بەوەکرد، نێزگس محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە زیندانی مەشهەدەوە بۆ زیندانی زەنجان گواستراوەتەوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی.
ئاماژەی بەوەشکرد، نێزگس محەمەدی لەکاتی دەستبەسەرکردنیدا ڕووبەڕووی توندوتیژیی بووەتەوە و لەکاتی لێکۆڵینەوە خراوەتە ژێر فشارێکی زۆر و ئەشکەنجە دراوە، بەو هۆیەوە تووشی سەرگێژبوون و لێڵی بینینی چاوەکانی بووە.
نێرگس محەمەدی بە یەکێک لە دیارترین داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دادەنرێت، لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەبات دژی سزای لەسێدارەدان و داکۆکیکردنی بەردەوامی بۆ مافەکانی ژنان.
لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ـدا دەسەڵاتداران بە هۆکاری تەندرووستی دوای نەشتەرگەری لابردنی وەرەمێک بە شێوەیەکی کاتی ئازادیان کرد، بەڵام لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ـدا گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.
جێگای ئاماژەیە، دادگا سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاندووە، بەهۆی "ڕێکخستن و پیلانگێڕی"، ئەمە جگە لەوەی ساڵ و نیوێک بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی دەنگۆ"، لەگەڵ قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ماوەی دوو ساڵ سزا دراوە.