نێرگس محەمەدی: تێکۆشان لە دژی سزای لەسێدارەدان پرسێکی ڕەوشتییە
نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسی ڕایگەیاند، تێکۆشان لە دژی سزای لەسێدارەدان پرسێکی ڕەوشتی و سیاسی و مافی مرۆڤە.
ناوەندی هەواڵ
نێرگس محەمەدی، زیندانی سیاسی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی ڕژێمی ئێران پەیامێکی بڵاو کردەوەو سەرنجی بۆ بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمی ئێران ڕاکێشا و وتی: ڕژێمی ئێران بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان و ئەنجامدانی لەسێدارەدان و هەروەها سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتی و ناڕەزایەتییەکان دەیەوێت تیرۆر لە کۆمەڵگەدا دروست بکات، تێکۆشان دژی سزای لەسێدارەدان پرسێکی ڕەوشتی و سیاسی و مافی مرۆڤە و پێشبینی دەکەین لەڕێگەی فشارەوە ئێران کۆتایی بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بهێنێت.
بانگەواز بۆ تێکۆشان لە دژی سیدارە
نێرگس محەمەدی ئاماژەی بەوەشکرد، بەشداری لایەنەکانی دیکە لە دژی سزای لەسێدارەدان هەمیشە کاریگەری هەبووەو وتی: هەنگاوی دژ بە سزای لەسێدارەدان دەتوانێت تایبەتمەندییەکی هەبێت کە یەکڕیزی لەنێوان هێزە دیموکراتیکەکاندا هەبێت.
نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی تەمەنی ٥٢ ساڵە و لە ٢٠ ساڵی ڕابردوو نزیکەی ١٠ ساڵ زیندانی کراوە. لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ەوە لە زیندانی ئێڤینەو لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی 'پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت'، ساڵێکی دیکە لە زیندانی ئێڤین سزای بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە نێرگس محەمەدی دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ماوەی سێ هەفتە بە مەرج ئازاد کرا.