نێرگس محەمەدی: سەرکەوتن دڵنیاییە بەڵام ئاسان نییە

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ نامەیەکی بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی ناردووە و تیایدا جەخت لەوە دەکاتەوە سنوورەکان ناتوانن ڕێگری لە ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە تشرینی یەکەم پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤی بەخشی بە ژینا ئەمینی، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئەشکەنجەدرا و گیانی لەدەستدا، ئەمەش گرنگترین خەڵاتی مافی مرۆڤە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە.

 

نێرگس محەمەدی، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە زیندانی ئەڤین بەبۆنەی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی و قەدەغەکردنی گەشتکردنی خێزانەکەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، لە ڕێگەی هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی کانوونی یەکەم پەیامێکی بۆ دایکی ژینا ئەمینی نارد. 

 

لە پەیامەکەدا هاتووە: زۆر خۆشحاڵم و شانازی دەکەم بە بیستنی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی، لەدوای گیان لەدەستدانی ڕاپەڕینەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەریهەڵدا و زیادی کرد و ناوی ژینا ئەمینی بوو بە هێمایەک لە مێژووی خەباتی بەردەوام دژی ستەمکاری و بووە پاڵنەرێک بۆ بەرخۆدان و خەباتی گەل. 

 

نێرگس محەمەدی ئەوەشت وتووە: دەسەڵاتدارانی ئێران باوەڕیان وایە ئەگەر ڕێگریتان لێ بکەن بچنە دەرەوە بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان، ئەوا ئازاری نائومێدی چاک دەکەنەوە، لە کاتێکدا جیهان ناوی ژینا ئەمینی لەسەر شەقامەکانیان دەنووسن، دیوارو سنوورەکان ناتوانێت ڕێگری لە شەپۆلی ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی بکات، بەڵام ئەم دیوارانە دەنگمان بەهێزتر و کاریگەرتر دەکەن.

 

خێزانەکەی ژینا ئەمینی ڕۆژی هەینی ٨ی کانوونی یەکەم لە ڕێگادا بوون بۆ فەڕەنسا بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ لەسەر بانگهێشتی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی تاران گەشت بکەن و پاسپۆرتەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.