دوو ڕۆژنامەنووس لە نزیک بەنداوی تشرین لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرانە ئامانج
بە هۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە نزیک بەنداوی تشرین هەردوو ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی ANHA، جیهان بیلگین و نازم داشتان گیانیان لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لەسەر هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی و دەستکەوتەکانی گەلی کورد بەردەوامن، سوپای داگیرکەری تورک لە هەمان چوارچێوەدا دوێنێ دوو ڕۆژنامەوانی کە بەرخۆدانی خەڵکی ناوچەکە و هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیاند، کردە ئامانج.
پەیامنێری ئاژانسی ANHA جیهان بیلگین و ڕۆژنامەوان نازم داشتان کە لە ٨ـی کانوونی یەکەمەوە لە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانیان و بەرخۆدانی دژی ئەوانیان دەگواستەوە، بوونە ئامانجی هێرشی فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک.
ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان دوێنێ (١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤) لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری ڕۆژنامەنووسیی بوون، لە کاتژمێر ٠٣:٢٠ خولەکی دوای نیوەڕۆدا، لەسەر ڕێگای نێوان بەنداوی تشرین و شارۆچکەی سرین، ئۆتۆمبێلەکەیان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کرا.
لە ئەنجامی هێرشەکەدا هەردوو ڕۆژنامەوانەکە گیانیان لەدەستدا و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە عەزیز حاج بۆزان بریندار بوو.