نەخۆشخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ برینداران بوونەتە ئامڕازی سەرکوتکردن

لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، بۆ زۆرێک لە خۆپیشاندەران، برینەکە چیتر ڕێگایەک نەبوو بۆ چاکبوونەوە، بەڵکو بووە بە "بەڵگەی تاوانباری"، نەخۆشخانە و کارمەندانی پزیشکی و پزیشک هەموویان بوونە ئامرازی سەرکوتکردن.

نەسیم ئەحمەدی

 

کرماشان-لە ڕۆژە خوێناوییەکانی ئەم دواییە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان یان لە ژێر ئەشکەنجەدان کوژران، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکان مەترسی مردنیان لەسەرە، چونکە ترس لە دەستگیرکردنیان ڕێگری دەکات لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

 

بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەم ناڕەزایەتیانەدا زیاتر لە ٣٣٠ هەزار کەس بریندار بوون، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی بریندارەکان کە لە هیچ ئامارێکی فەرمیدا تۆمار نەکراوە، پێدەچێت ئامارە ڕاستەقینەکە زۆر زیاتر بێت.

 

شەرارە. ث، ژنێکی خەڵکی کرماشان، دوای ئەوەی تەقە لە کوڕە ١٥ ساڵانەکەی کرا، ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە و وتی: کوڕەکەم تەقەی لێکرا، بەڵام لە ترسی ژیانی، لە ماڵەوە هێشتمانەوە و خۆمان چارەسەرمان کرد، نەمهێشت بچێتە خوێندنگە، دوای هەفتەیەک ناردم بۆ گوندەکە تا خۆی بشارێتەوە، بەڵام دواتر ناچار بووین بیگوازینەوە بۆ شوێنێکیتر لە ترسی ئەوەی کەسێک ڕاپۆرتی لێ بدات، ئێمە تەنها نیگەرانین لە ئەگەری دەستگیرکردنی، بەڵکو نیگەرانین لە مەترسی تێکچوونی تەندروستی، چونکە ئەگەری تووشبوونی بە هەوکردن هەیە، بە سادەترین ئامراز و بە هاوکاری هەندێک پەرستار کە دەیانناسین چارەسەرمان کرد، بەبێ ئەوەی هیچ پزیشکێکی نەشتەرگەری بیبینێت، بەڵام ئێمە هیچ بژاردەیەکمان نییە، حکومەت بێبەزەییە، ئێمەش لە ژیانی ئەو دەترسین.

 

ڕفاندنی کەسانی بریندار لە نەخۆشخانەکان و دەستگیرکردنی کارمەندانی پزیشکی کە هاوکاری پێشکەش بە خۆپیشاندەران دەکەن، کارێکی لەمێژینەی مێژووی کۆماری ئیسلامییە، لە زۆر حاڵەتدا هێزەکانی حکومەت هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەکان و بریندارەکانیان دەستگیرکردووە و بردوویانن بۆ زیندانەکان.

 

شایەتحاڵێکی چاودێر لە کرماشان ڕاپۆرتی دا کە هێزەکانی حکومەت چارەسەری ژنێکی گەنجیان لە کۆمادا بە هۆی سەختی برینەکانیەوە ڕەت کردۆتەوە، هەروەها لە کاتی نەشتەرگەریدا کەسێکی دیکەیان دەستبەسەر کردووە، ئەم پراکتیزانەی ڕفاندن و ڕەتکردنەوەی چارەسەر بۆ بریندارەکان وایکردووە زۆرێک لە دۆخێکی ناجێگیردا، شەڕ بۆ گیانی خۆیان بکەن.

 

سەرەڕای ئەمەش عەباس عەبادی، جێگری لێپرسراوی پەرستاری لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ئەگەر بچیتە ناوەندێکی پزیشکی و ناوی جیاوازت لێ بنێیت، هیچ کەسێک پشکنینتان بۆ ناکات، هەروەها دڵنیابوون لە ناسنامە تەنها لە حاڵەتێکدا پێویستە کە بیمەی تەندروستیتان هەبێت، ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە هەمان ڕژێم چەکی سەربازی و پۆلیسی ئاژاوەگێڕ و توندوتیژی لە ڕادەبەدەر بۆ سوود وەرگرتنە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانە.

 

فەرەحناز.ح، چالاکوانی مەدەنی وتی: چۆن حکومەتێک کە خۆپیشاندەرانی بێ چەک بە چەکی سەربازی گەمارۆ دەدات و دەیانکوژێت، لەناکاو نیگەران دەبێت لە هەوکردنی برینەکانیان؟ ئەم لێدوانانە لە تەڵەیەک زیاتر نین بۆ ڕاکێشانی زیاتری دەستگیرکراوان، هەروەها ڕێکارەکانی وەرگرتن لە نەخۆشخانە، کڕینی دەرمان، نەشتەرگەری هەموو ئەمانە پێویستیان بە پشتڕاستکردنەوەی ناسنامە هەیە، بۆیە ئەم بانگەوازانە هەوڵێکە بۆ باشترکردنی وێنەی ڕژێم لەبەردەم جیهاندا، یان تەنها تەڵەیەکە بۆ دەستگیرکردنی زیاتری بریندارەکان.

 

لە نێو ئەو تێکهەڵچوونە خوێناویانەی ناوچەی مەلکشاهی ئیلام، زۆرێک لە بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی یان پەنایان بردووە. بەڵام سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان بە خێرایی گەمارۆی نەخۆشخانەکەیان دا و بە کۆکردنەوەی دەمانچە و گازی فرمێسکڕێژ هەڵیانکوتایە سەریان بۆ دەستبەسەرکردنی بریندارەکان، ئەم هێزانە هێرشیان کردە سەر کارمەندانی پزیشکی و بریندارەکان و کەشێکی تیرۆر و ترس و دڵەڕاوکێیان بڵاوکردەوە، کە ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرا و تەواوەتی مافەکانی مرۆڤ بوو.

 

لەسەر بنەمای ئەم ئەزموونانە، ناکرێ نەخۆشخانەکان بە شوێنی پارێزراو بۆ بریندارەکان لە ژێر ئەم هەلومەرجەدا هەژمار بکرێن.

 

”فشاری سیستماتیکی لەسەر کارمەندانی پزیشکی و خۆپاراستن لە هاوکاری”

ررویا. ع، پەرستار لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لە کرماشان، ئەو فشارە دەگێڕێتەوە کە لەسەر کارمەندانی پزیشکییە، وتی: لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی برینداران، بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەکە بە نهێنی هەموو پەرستارەکانی ئاگادار کردەوە کە ئێمە ڕێگەمان پێنەدراوە لە دەرەوەی نەخۆشخانە چارەسەری هیچ کەسێکی بریندار بکەی، تەنانەت بەڕێوەبردنی گیراوەیەکی سادەی ”IV” یان ئەنجامدانی چارەسەری سەرەتایی برین لە ماڵی کەسێکدا قەدەغەیە وتیان: ئەگەر ئەمە ڕووبدات، دەستبەجێ بابەتەکە دەگوازرێتەوە بۆ دەسەڵاتە باڵاکان، هەروەها نەخۆشخانەکە هیچ پاڵپشتییەک بۆ تاوانبارەکە ناکات، تەنانەت ڕێگەمان پێنەدرا ئامۆژگاری کەس بکەین کە کام دەرمان بکڕێت یان چۆن برینێک پاک بکەینەوە، جگە لە هەڕەشەکردن لە پەرستارەکان، پزیشکەکانیش قەدەغە کران کە هیچ چارەسەرێک لە ماڵەوە بکەن چونکە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پزیشکییان و کردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لە دژییان بە تۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕان.

”دەستگیرکردنی پزیشکان: تاوانی چارەسەرکردن”

قەدەغەکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بۆ برینداران و ئەو فشارە توندانەی کە لە لایەن ڕژێمەوە بۆ پێشگرتن لە دابینکردنی یارمەتییەکانی کارمەندانی پزیشکی، ژیانی زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی خستۆتە مەترسییەکی گەورەوە، جگە لە هەڕەشە و تۆقاندن کە ئاراستەی پزیشک و پەرستاران دەکرێت، چەندین ڕاپۆرت لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەکی بەرچاو لە پزیشکان لەم ناڕەزایەتیانەدا دەرکەوتوون، کە دەریدەخەن چۆن پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی خۆی بووەتە تاوانێکی سزادراو.

 

سەرچاوە حکومییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەستگیرکردنی پزیشکان پەیوەندی بە چارەسەرکردنی خۆپیشاندەرانەوە نییە، بەڵام سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە بەردەستەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هۆکاری سەرەکی پشت ئەم دەستگیرکردنانە دابینکردنی هاوکارییە بۆ بریندارەکان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان.

 

جگە لەو سنووردارکردنە توندانەی کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چارەسەر سەپێنراوە، دەسەڵاتداران فشاریان خستۆتە سەر دەرمانخانەکان، فرۆشتنی زۆرێک لە دەرمانی پێویست و پێداویستی پزیشکی کە بۆ چاودێریکردنی برین بەکاردەهێنرێن قەدەغە دەکەن.

 

روقیە، کارمەندی دەرمانخانەیەکی کرماشان، وتی: چەند ڕۆژێک دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، وەزارەتی تەندروستی فەرمانێکی ئاراستەی دەرمانخانەکان کردووە و ڕێنمایی کردووە کە واز لە فرۆشتنی مەڵحەم و ئەو دەرمانانەی بۆ خۆپاراستن لە هەوکردنی پێست بەکاردەهێنرێن بهێنن بە بێ نوسراوی پزیشکی، دەرمانخانەکان پێویستە نوسسراوی پزیشک و ژمارەی ناسنامەی نیشتمانی نەخۆشەکە تۆمار بکەن لە کاتی دابەشکردنیدا، سنووردارکردنەکان تەنها بەم مەڵحەمانەدا سنووردار نەبوون، هەروەها درێژبوونەتەوە بۆ فرۆشتنی پێداویستیە سەرەتاییەکان و گیراوەی پزیشکی، کە ئێستا کۆگاکەیان لە هەموو دەرمانخانەکاندا لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی باڵادایە.

 

برین وەک “بەڵگەی تاوانباری”... بناغەی سیاسەتێکی سەرکوتگەرانە

سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی و سەرچاوە سەرەتاییەکان، لە کاتێکدا حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە هانی خۆپیشاندەرانی بریندار دەدات بۆ ئەوەی داوای چاودێری پزیشکی بکەن، دژایەتییەکی ئاشکرا دەکات، ئەم بانگەوازانە تەنها بەرگێکە بۆ پەرەسەندنی کۆنترۆڵ و سەرکوتکردن.

 

بە سەرنجدان بە بەڵگەی بەردەست و ژمارەی کوژراوان، ڕوونە کە ماکینەی سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامی هەوڵی ڕاکێشانی بریندارەکان دەدات بۆ ناو بازنەی توندوتیژی، ئەمەش ڕێگە بە ڕژێم دەدات کە لە نێو ئەو دەریایە خوێنەی ڕژاوە، دەستی بەسەر دەسەڵاتدا بپارێزێت، ئەم سیاسەتانە یەک پەیام دەگەیەنن: دەسەڵات دەیەوێت تەنانەت برینەکانی گەلیش لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا بێت.

 

برینێک کە پێویستە چارەسەر بکرێت وەک "بەڵگەی تاوانباری" سەیر دەکرێت بۆ ئەوەی بشاردرێتەوە نەک چاک بکرێتەوە، بۆیە دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرکردن ڕێگری لێدەکرێت و دەرمانەکان سنووردار دەکرێن و تەنانەت سادەترین چارەسەرە سەرەتاییەکان کۆنتڕۆڵی توندی ئەمنییان لەسەرە، بەڵام ئەم فشارانە دوو ئەوەندەی بێمتمانەیی خەڵک بە دامەزراوە فەرمییەکان قووڵتر دەکەنەوە، ڕێگری لە چارەسەرکردن ناکەن.