"ڕەنگە زیاتر لە ١٨٦ هەزار کەس لە غەززە گیانیان لەدەستدابێت"

لە گۆڤاری زە لانسێتدا بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشە ڕاستەوخۆکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە ڕەنگە زیاتر لە ١٨٦ هەزار کەس بێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە گۆڤاری زە لانسێت کە لە ئینگلتەرا بڵاودەکرێتەوە، بابەتێک بە ناوی"سەرژمێری گیان لەدەستدان لە غەززە سەختە بەڵام پێویستە" لەلایەن ڕەشا خەتیب، مارتن مەکی و سەلیم یوسف بڵاوکرایەوە.

 

لە بابەتەکەدا کە شیکاری بۆ ئەو ڕووداوانە کراوە کە لە غەززە ڕوویداوە، ئاماژە بەوە کراوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ١٩ی حوزەیرانەوە گیانیان لەدەستداوە ٣٧ هەزار و ٣٩٦ کەسە، بەهۆی ئەو وێرانکارییەی لە ناوچەکەدا هەیە، وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە غەززە کێشەی کۆکردنەوەی زانیارییەکانی هەیە.

 

ئاماژە بەوە کراوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناسنامەیان دیاری کراوە بە شێوەیەکی جیاواز ئاشکرا بووە، ناسنامەی لە ٣٠%ی ئەو کەسانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە ئاشکرا نەکراوە، لە هەمان کاتدا بە گوێرەی هەندێک سەرچاوە ئاشکرا بووە کە ناوی هەندێک کەس کە بڕیارە ناسنامەیان دیاری بکرێت لە لیستەکانی وەزارەتدا نەهاتووە.

 

لە ژێر داروپەردوودا تەرمی مردوو هەیە

باس لەوە کراوە کە لە سەدان باڵەخانە لە غەززە ٣٥  باڵەخانە وێران بوون و ژمارەی تەرمی ژێر داروپەردوو زیاتر لە ١٠هەزار کەسە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری دامەزراوە تەندروستییەکان، نەبوونی ئاو، خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، نەبوونی شوێنی ژیانی سەلامەت، ڕەنگە ژمارەی گیان لەدەستدان زیاد بکات، هەروەها باس لەوەکراوە، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی غەززە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ٢ ملیۆن و ٣٧٦ هەزار و ٢٥٩ کەس وەربگیرێت، ئەوا ژمارەی مەزەندەکراوی گیان لەدەستدان  لە هەر سەدێک لە کۆی دانیشتوانی غەززە ٧.٩ کەسە.

 

غەززە پێویستی بە ئاگربەست هەیە

ئەوەش خراوەتەروو، ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە هەژمار بکرێت، ئەوا بە ٨٥ هەزار و ٧٥٠ کەس مەزەندە دەکرێت، پێویستییەکی خێرا هەیە بۆ ئاگربەست لە غەززە، ئاماژە بە گرنگی هاوکاری پزیشکی و خۆراک و ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەکان کراوە.

 

فەڵەستینییەکان بەرەو باکوور هەڵدێن

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ناوچەکەوە دێن، هەزاران فەڵەستینی بەهۆی هێرشی توند بەرەو باکوور هەڵدێن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە درێژایی شەو ناوەندی شاری غەززە و ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بە بۆمبی قورس بۆردومان دەکەن، دەیان کەس لەو ناوچەیە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، بەهۆی بۆردومانەکەوە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و تیمە پزیشکییەکان ناتوانن بچنە ناوچەکە، هەر بۆیە زۆربەی بریندارەکان بەم هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە لە بەیاننامەیەکی ئەم دواییەدا ڕایگەیاند، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ٣٨ هەزار و ١٥٣ کەس گیانیان لەدەستداوە کە لانیکەم ١٥ هەزار و ٦٩٤یان منداڵ و ١٠ هەزار و ٢٧٩ یان ژنن.