بە مەراسیمێک گیان بەختکردوو هێرۆ بەهادین بە خاک سپێردرا
لە مەراسیمێکدا لە گۆڕستانی قەرەتۆغان تەرمی ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین، کە لە هێرشێکی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە شارۆچکەی سەیدسادق گیانی بەختکرد، بە خاک سپێردرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لە نزیک گوندی تەپە ڕەش لە سنوورى سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکى ڕۆژنامەنووسانی بە ئامانجگرت، بە هۆی بۆردوومانەکەوە، گۆڵستان تارا، خەڵکی باکووری کۆردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و هێرۆ بەهادین خەڵکى شارەدێى سەنگاو، کە کارى مۆنتێرى دەکرد لە کۆمپانیاى چەتر گیانیان بەختکرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش بەناوى ڕێبین بەکر، کە تەمەنى ٣٠ ساڵە و خەڵکى سلێمانییە و سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەترە، بریندار بووە.
ئێوارەی ئەمڕۆش بە مەراسیمێکی شکۆدار کە خێزان و هاوڕێ و هاوپیشەکانی ئامادە بوون، تەرمی هێرۆ بەهادین، مۆنتێر لە کۆمپانیای چەتر، کەلە هێرشەکەدا گیانی لەدەستدا، دوای گواستنەوەی بۆ پزیشکی دادی سلێمانی، ڕادەستی خێزانەکەی کرایەوە و لە گۆڕستانی قەرەتۆغان بە خاک سپێردرا.
لە مەڕاسیمەکەدا کەمال حەمە ڕەزا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر، بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، لە کاتێکدا ئەمڕۆ، ڕۆژنامەنووسانی دەزگاکەمان بۆ تۆمارکردنی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی سەردانی سەیدسادق و سنووری شارەزووریان کردبوو، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی کۆمپانیاکەمان، بە هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی “گوڵیستان تارا و هێرۆ بەهادین” شەهیدبوون و ڕۆژنامەنووسێكیشمان بەناوی “ڕێبین بەکر” برینداربوو.
ئاماژەی بەوەشدا، شەهید گوڵیستان تارا، لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە دەستی بە کاری ڕاگەیاندنی کردووە و ساڵانێکە لە باشووری کوردستاندا وەک بەرپرسیاتێتییەکی ئەخلاقی هاوکاری دەزگاکەمانی کردووە.
وتیشی: ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ڕاگەیاندنی ئازاد، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕاگەیاندنی ئازاد بووە بە ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی پیلانگێڕیی و داگیرکارییە گڵاوەکانیان، ڕاگەیاندنی ئازاد هەمیشە ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە لە پوچەڵکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی لەسەر گەلەکەمان بەڕێوەدەچن.
لە کۆتاییشدا جەختی کردەوە، ئێمە وەک کۆمپانیای چەتر بۆ گەشەپێدانی میدیایی ڕایدەگەیەنین، کە لایەق بە خوێن شەهدانمان بین و لەسەر ڕێبازی پیرۆزی ئەوان بەردەوام بین، بەڵێن دەدەین ئەو مەشخەڵەی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد هەڵیانکردووە هەمیشە بە گەشاوەیی بیهێڵینەوە و بۆ لەمەودوا بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە پێداگریی لە پرسە ئازادییخوازییەکانی گەلەکەمان بکەین.
ڕۆژنامەنووسان و چالاکوان و ئازادیخواز لە کۆتایی مەراسیمەکەدا دروشمی شەهید نامرن و ژن، ژیان، ئازادییان وتەوە.