ناڕەزایەتییەکان لە ٥٥ زیندان بەردەوامن و لەگەڵ مانگرتن لە بازاڕی تاران
بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" کە ئێستا لە هەفتەی ١٠١دایە، پشتڕاستیان کردەوە کە ناڕەزایەتییەکانیان لە ٥٥ زینداندا بەردەوامە و لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە بازاڕی تاران، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی دژایەتیی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانە.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" لە ساڵی ٢٠٢٣ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد و لەو کاتەوە تا ئێستا هەفتانە بەردەوامە، ئامانجیشی ڕەتکردنەوەی سزای لەسێدارەدان و داوای هەڵوەشاندنەوەیە، وەک ئامرازێکی چەوساندنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەیرکردنی، گرنگیدان بە پشتیوانیکردنی زیندانیانی سزای لەسێدارەدان و کەسوکارەکانیان.
لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی بازاڕی تاران، بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" بۆ ماوەی ١٠١هەمین هەفتەی خۆپێشاندانەکانیان لە ٥٥ زیندانی سەرتاسەری ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران درێژە پێدەدەن، ڕۆژی ٣٠ی کانوونی یەکەم، بەشداربووان ڕاگەیاندراوێکیانە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، بە هاتنی ساڵی نوێ، هیوای ئازادی و ڕزگاری بۆ هەموو خەڵکی نەتەوەکەمان دەخوازین کە بەدەست نادادپەروەری و چەوساندنەوەی دەسەڵاتی ئایینی دەناڵێنن، هەڵمەتەکە چووەتە هەفتەی ١٠١ی خۆیەوە، لەگەڵ ئەو مانگرتن و ناڕەزایەتییانەی کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە لە بازاڕەکانی تاران بەردەوامن و بڵاوبوونەتەوە بۆ شارەکانی دیکە، وەک ڕەتکردنەوەی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی حکومەت.
ئاماژە بەوە کراوە، کە دەسەڵاتداران لەم کاتە سەختانەدا سەرکوت و لەسێدارەدانیان چڕتر کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە پەرەسەندنی شۆڕسەکانی گەل بکەن، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی مەهراب عەبدوڵا زادە لە زیندانی ورمێ و یونس بەخشی لە زیندانی مهاباد دەرکرا، لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمەوە دەسەڵاتداران زیاتر لە ٩٦ کەسیان لە سێدارە داوە کە یەکێکیان زیندانییەکی ژنە لە زیندانی واکیل ئاباد لە مەشهەد.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە کەسوکاری دەستگیرکراوان و لایەنگرانیان کراوە پاڵپشتی خۆیان بۆ هەڵمەتی "سێشەممە نا بۆ لەسێدارەدان" زیاد بکەن بۆ خاوکردنەوەی خێرایی سەرکوت و لەسێدارەدان و زەمینە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان.
بەشداربووانی هەڵمەتەکە ١٠١هەمین هەفتەی مانگرتن لە خواردنیان ڕاگەیاند، کە ئەمڕۆ لە ٥٥ زیندان دەستیپێکرد، لەوانە زیندانی ئێڤین "باڵەکانی پیاوان و ژنان"، زیندانی قەزڵ حسار "یەکەی ٢، ٣ و ٤"، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی فیردەوس، کەرەج، زیندانی تارانی گەورە، زیندانی قەرچاک، زیندانی خورین وارامین، زیندانی قەزوین، زیندانی ئەهار، زیندانی ئەراک، زیندانی لەنجرود، زیندانی قوم، زیندانی خورەم ئاباد.