ناڕەزایەتی گەنجان لە مەغریب سەرەڕای دەستێوەردانەکانی ئاسایشی فراوانتر دەبێت
سەدان گەنج لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی مەغریب بۆ سێیەم ڕۆژی لەسەریەک ڕژانە سەر شەقامەکان لە ناڕەزایەتییەکاندا، کە لە میدیاکاندا بە "نەوەی زی (Z)٢١٢ " ناسراوە، دەسەڵاتدارانی مەغریب بە قەدەغەکردن و بڵاوەپێکردن وەڵامیان دایەوە.

ناوەندی هەواڵ
بزووتنەوەی "نەوەی زی (Z)٢١٢ " داوای باشترکردنی پەروەردە و چاودێری تەندروستی دەکات، هەروەها کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، دەسەڵاتداران بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان دەستوەردانیان کردووە و لە ئەنجامدا، چەند چالاکوانێکی بەشداربوو لەو بزووتنەوەیانە دەستگیرکراون.
سەدان گەنج بۆ سێیەم ڕۆژ لەسەریەک لە شارە جیاوازەکانی سەرتاسەری مەغریب ڕژانە سەر شەقامەکان، ئەم خۆپیشاندانانە دوابەدوای ئەو ناڕەزایەتیانە دێت کە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لە چەند شارێک بەڕێوەدەچن.
ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی ئەیلوول، هێزە ئاسایشییەکانی مەغریب ڕێگریان لە هەوڵەکانی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان کرد، کە بزووتنەوەی "نەوەی زی (Z)٢١٢ " داوای کردبوو، کە گەنجانی لەدایکبووی نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠١٢ لەخۆدەگرێت، لە چەندین شاری گەورە، لەوانە دار بەیزا، ڕەبات، مەغریب، فاس، جەدیدە، تەنجە، ئاغادیر، تتوان، وەجدە، و نازۆڕ.
ئەو ناڕەزایەتیانەی کە لە کۆتایی هەفتەدا لە مەغریب بەڕێوەچوو، لە وەڵامی بانگەوازی بزووتنەوەی "نەوەی زی (Z)٢١٢ " دەستیپێکرد، دەستپێشخەرییەکی گەنجان کە لەم دواییانەدا، لە ماڵپەری تۆڕی کۆمەڵایەتی "دیسکۆرد" سەریهەڵدا و لە ماوەیەکی پێوانەییدا هەزاران ئەندامی بۆ خۆی ڕاکێشا، گفتوگۆکان لەناو گروپەکەدا، لەسەر پرسە سەرەکییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و هەلی کار بوو، ڕێکخەران جەختیان لەسەر سروشتی ئاشتیانەی دەستپێشخەرییەکە کردەوە.
هەندێک لە بڵاوکاراوە دیجیتاڵییەکان ناڕەزایەتییەکان بە "رێپێوانی گەنجانی مەغریب" ناودەبەن، ئەوانەی داوای ناڕەزایەتییان دەکرد، جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە بنەمای ناتوندوتیژی کردەوە و ڕەتکردنەوەی ڕەهای خۆیان بۆ هەموو جۆرە "توندوتیژی، تێکدان، یان دەستدرێژی" دووپاتکردەوەم هەروەها داوایان لە بەشداربووان کرد ڕێز بۆ هاوڵاتیان و هێزە ئاسایشییەکان نیشان بدەن، هەروەها بە بەرپرسانە و بە "ئەتەکێتی ناڕەزایەتی شارستانی" هەڵسوکەوت بکەن.