ناوەندی ئامارا پەروەردەو سیمینار بۆ ژنان ڕێکدەخات
مایا شابۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی ئامارا سەر بە ئەنجومەنی ژنانی کانتۆنی جزیرە، باسی لە کار و چالاکییەکانی ناوەندی ئامارا کرد و ڕایگەیاند، ناوەندەکە شوێنی گەشەسەندنی دەروونییە و کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان دەکات.
زەینەب عیسا
قامیشلۆ– ناوەندی ئامارا بۆ ڕاوێژکاری دەروونی سەر بە ئەنجومەنی ژنانی کانتۆنی جزیرە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکانی ژنان، لەڕێگەی زۆرێک لە دامەزراوەکانەوە سیمیناری هۆشیاری و پەروەردەی تایبەتی دەروونی بۆژنان پێشکەش دەکات.
مایا شابۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی ئامارا بۆچارەسەری دەروونی، سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ناوەندەکە قسەی بۆ کردین.
ناوەندەکە چوار لقی هەیە
مایا شابۆ باسی لەناوەندی ئامارا کرد و وتی: ناوەندی ڕاوێژکاری ئامارا سەر بە ئەنجومەنی ژنانی کانتۆنی جزیرە، چوار هەیە، دوو لقیان لە تل تەمر و ڕمێلان، دوو لقیش لە شاری حەسەکە و قامیشلۆیە، خزمەتگوزاری پاڵپشتی دەروونی بۆ هەموو ژنان و کۆمەڵگە و پەروەردە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان پێشەکش دەکات، لەم کاتەدا زۆرێک لە ژنان لە ژێر هەڕەشەی کوشتن یان لێداندان، وەک ناوەندێک لەڕێگەی سیمینار یان پەروەردەوە کێشە دەروونییەکانیان چارەسەر دەکەین.
"لەکۆتایی وانەکان، سوپاسنامەیان بەسەردا دابەش دەکەین"
مایا شابۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخراوەکانی ژنان پەروەردە و سیمینار بۆ ژنان دابین دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: زۆربەی سیمینار و پەروەردەکانمان بە شێوەیەکی هەماهەنگ لەگەڵ دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری و ڕێکخراوەکانی ژنان و یەکێتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، لەڕێگەی ئەم دامەزراوانەوە دەگەینە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و پەروەردەیان دەکەین، زۆرجار سیمیناری هۆشیاری بۆ منداڵانی باخچەی ساوایان ئەنجام دەدەین چونکە لەم دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر لە منداڵان تووشی ئۆتیزم دەبن، بۆ ئەوەی ئەم منداڵانە ئاگادار بکرێنەوە و مێشکیان ئارام بێتەوە، سیمیناری جۆراوجۆریان بۆ سازدەکەین، لە کۆتایی وانەکاندا سوپاسنامە بەسەر ژنان و منداڵان دابەش دەکەین.
١٨٠ سیمینار پێشکەش کرا
مایا شابۆ باسی لە داتاکانی بۆ ماوەی یەک ساڵ کرد و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ماوەی یەک ساڵدا ١٨٠ سیمینار ئەنجامدرا، سیمینارەکان سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستن بوون لە توندوتیژی دژی ژنان، گەشەکردنی دەروونی لە کۆمەڵگە، هەراسانکردن و دوورکەوتنەوە لە ماددە هۆشبەرەکان و هاوسەرگیری لە تەمەنێکی بچووکدا بوون، لە ماوەی ئەمساڵدا پەروەردەی تایبەت بۆ١١ کەس ئەنجامدرا لەمڕۆژانەدا سیمیناری هۆشیاری لەسەر شێرپەنجەی مەمک بەڕێوە دەچێت، چونکە ڕۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی ژنان نزیک دەبێتەوە.
"ژنان هێزی سروشتییان هەیە"
مایا شابۆ سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی ساڵی نوێ داوای لە سەرجەم ژنان کرد و ڕایگەیاند، دەرگای ناوەندی ئامارا بۆیان کراوەتەوە و لە کۆتاییدا وتی: پلانی کاری ناوەندی ئامارا هەیە بۆ ساڵی نوێی ٢٠٢٥، سیمیناری زیاتر بەڕێوە دەچێت و خۆئاگاداری ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە کامپەکاندا دەژین دروست دەبێت، چونکە ئەوان کێشەی دەروونی زۆریان هەیە، پێویستە سەرنجمان لەسەریان بێت، لە کۆتاییدا دەمەوێت پەیامێک بگەیەنم بە هەموو ژنانی ناو کۆمەڵگە، ژنان خۆیان هێزی سروشتییان هەیە، پێویستە هەموو ژنێک باوەڕی هەبێت، ئێمە وەک ناوەندی ئامارا بۆ ڕاوێژکاری دەروونی دەرگاکانمان بەڕووی هەموو ژناندا کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە دەروونییەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن لە ناو کۆمەڵگەدا باوەڕیان پێبکەن.