ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی کۆرسێک بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان بەڕێوەدەبات

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان کۆرسێکی بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان ڕێکخست، بە ئامانجی زیاتر ئاشنابوون بە ژنۆلۆژی و پێکەوە کارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان، کۆرسەکەش بەردەوامی هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چیوارچێوەی کارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە باشوری کوردستان، کۆرسی ناساندنی ژنۆلۆژی و کارکردنی ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانان بۆ ژمارەیەک لە نوێنەر و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەدەچێت.

 

ئامانجی کۆرسەکە زیاتر ئاشناکردنی زانستی ژن-ژنۆلۆژییە بە ڕێکخراوەکانی ژنان و بەرجەستەکردنی ڕێبازێکی پێکەوەییە بۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، لە کۆرسەکەدا باس لە ژنۆلۆژی کرا کە بەرهەمی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنە لە مێژووی کۆن و نوێدا، لە ئاستی کوردستان و جیهاندا، هەروەها بەرهەمی چەمکسازی و تیۆریسازی پێشكەوتنی دیالێکتیکیانەی تیۆری و پراکتیکی بزوتنەوەی ئازادی ژنی کوردە کە ئێستا لە ئاستی جیهاندا جێی  گرنگییە.

 

ژنۆلۆژی پێناسەکردنەوەی ژنە وەک هەبوونی سیاسی و ئەخلاقی

لە کۆرسەکەدا ڕەخنەی ڕیشەیی ژنۆلۆژی لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان خرایەڕوو کە بۆ ژنی شایانی لێکۆڵینەوە نەبینیوە، خرایەڕوو ژنۆلۆژی گەڕانە بە دوای حەقیقەت و پێناسەکردنەوەی ژن وەک هەبوونێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی نەک تەنیا وەک هەبوونێکی بیۆلۆژی.

 

لە درێژەی کۆرسەکەدا باس لە ڕێبازی ژنۆلۆژی کرا، لەسەر کارکردن بۆ دروستبوونی متمانە و گۆڕانکاری دیموکراتیانە لە کۆمەڵگە و ئاستی پەیوەندیەکانی ژنان پێکەوە، کە درککردن، هەستکردن و تێگەیشتن و کارکردن بەو تێگەیشتنەی کە چۆن وزەی ژن بە تایبەتی و کۆمەڵگە بەگشتی بەرەو ئاراستەیەکی خۆبوونیادنان بێت نەک خۆلەناوبردندا.

 

کۆرسی یەکەمی ژنۆلۆژی لە ٢٧ی شوبات دەستیپێکرد و لە هەفتەکانی داهاتوودا بەردەوام دەبێت، بڕیاریشە کۆرسی دووەم لە ٥ی مارس بە بۆنەی ٨ی ئادار، رۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بەڕێوەبچێت.

 

ت.پ