ناسنامەی ٤٧٠ دەستبەسەرکراوی کورد پشتڕاست کرایەوە
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ناسنامەی ٤٧٠ هاوڵاتی دەستبەسەرکراوی کورد و ٢٨ منداڵی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێران پشتڕاست کردەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، بەڵام ڕژێمی ئێران بە فیشەک و دەستبەسەرکردن، بڵاوکردنەوەی فشارە ئەمنییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر لەنێو گەڕەکەکان و شەقامەکان وەڵامی داواکارییەکانی گەل دەداتەوەو ڕێگری لەسەر هەڵدانەوەی شۆڕشێکی دیکەی هاوشێوەی “ژن ژیان ئازادی” دەکات.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاپۆرتێکدا دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەرانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پشتڕاست دەکاتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران، تا ئێستا ٤٧٠ هاوڵاتی کورد لەلایەن ڕژێمی ئێران لە شارە جیاجیاکانی وڵاتەکە دەستبەسەرکراون و ناسنامەکانیان ئاشکرا بووە، هەروەها زیاتر لە ١٠٠ منداڵی کورد دەستبەسەرکراون و تەنها ناسنامەی ٢٨ کەسیان تۆمار کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی منداڵەکانیان، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوە و وەڵامێکیان پێ بدەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو هاوڵاتییانە بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان، ئامادەبوونیان لە پرسەی گیانبەختکردووەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر کوژرانی کەسوکارەکانیان دەستبەسەر کراون.
باس لەوەشکراوە، دەستبەسەرکراوەکان لە لایەن لێپرسینەوە ئەمنییەکانەوە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ خراونەتەبەر ئەشکەنجەی قورسەوە لەوانە، هەڕەشەی دەستدرێژیکردنی سێکسی، هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵە، نمایشی ساختەی لەسێدارەدان، لێدان بە کێبڵ، سووتاندنی جەستەیان بە ئوتوو، هەڵکێشانی نینۆک، هەروەها لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگای ئیتلاعات و بەسیجی سوپای پاسداران، دانپیانانی زۆرەملێی ١٣ هاوڵاتی دەستبەسەرکراوی کوردیان لە شارەکانی ئیلام، ئەیوان، ئەسفەراین، مەلکشایی، چێوار، کرماشان و تاران بڵاو کردووەتەوە و تۆمەتی “چەکداری و سیخوڕی” خراوەتە پاڵیان.