ناسنامەی ٢٣ ژنی کوژرا و دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکان ئاشکرا کرا

ڕژێمی ئێران دەیان ساڵە، لە چەوساندنەوە و بەئامانجگرتنی ژنانی کورد و ئێران بەردەوامە، بە مەبەستی سەرکوتکردنی دەنگیان و لەو چوارچێوەیەشدا، ناسنامەی ١٨ ژنی کوژراو و دەستبەسەرکردنی پێنج ژن ئاشکرا کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی سەرچاوە خۆجییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ناسنامەی چەندین ژنی کوژراو و دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکان ئاشکرا کرا، کە بوونەتە قوربانی توندوتیژییەکانی ڕژێمی ئێران.

 

لە ٨ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، زەهرا باقری خەڵکی شارۆچکەی باغداران لە سنووری پارێزگای ئیسفەهان و دایکی سێ منداڵ لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کوژرا.

 

هەر لەهەمان ڕۆژدا، سەنەم پووربابایی مامۆستای کەمانچە، لە شارۆچکەی سیاهکال سەر بە پارێزگای لاهیجان لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران کوژرا.

 

لە ٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ساهیبە ڕەشتیان تەمەن ٢٣ ساڵ و یاریدەدەری ناوبژیوانی تۆپی پێی ژنان لە شاری ڕەشت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شارەکە  لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران ڕاستەوخۆ تەقەی لێکرا و کوژرا.

 

هەروەها ئایدا عەقیلی تەمەن ٣٤ ساڵ و دانیشتووی پارێزگای تاران لەکاتی ناڕەزایەتییەکان بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژرا کە فیشەکەکە بەسەری کەوتبوو، پاشان دوای چەند ڕۆژ تەرمەکەی لە پزیشکی دادی تاران لەلایەن کەسوکارەکەی دۆزراییەوە.

 

لە ١٠ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ژنێکی دووگیان بە ناوی شوعلە سەتوودە خەڵکی شارۆچکەی لەنگرودی پارێزگای گیلان لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی شاری جافی سنووری پارێزگاکە بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران کوژرا. سامین رۆستەمی تەمەن ٤٢ ساڵ و خەڵکی کەرەج بەهەمان شێوە کوژرا.

 

هەر لەهەمان ڕۆژدا، سارا بێهبودی تەمەن ٤٥ ساڵ و شاخەوان،  خەڵکی شاری ڕەشت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژێمی ئێران حکومەت کوژرا.

 

هاوکات، زیبا دەستجۆردی تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شاری نیشاپووری سەر بە پارێزگای خوراسان لەکاتی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئیران بەتەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا، لەگەڵ ئەوەشدا، مائده مورادی‌کیا تەمەن ٢٢ سال و سەمانە میرزایی تەمەن ٣٠ ساڵ و شەبنەم فیردۆسی  دانیشتووی پارێزگای تاران لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ئیران کوژرا.

 

لە ١١ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ئارەزوو عابێدی تەمەن ٥٠ ساڵ و وەرزشکار و ڕاهێنەری لەشجوانی و موونا حسێنی تەمەن ٥٧ ساڵ لەکاتی خۆپیشاندانی پارێزگای ئیسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران کوژرا، زۆهرە فازیلی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی بوشەهر لەناوچەکەی خۆی بەهەمانشێوە کوژرا.

 

هەر لە هەمان ڕۆژدا، غەزەل ئاغایی لیندی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی ئالاشت لە سنووری پارێزگای مازەندەران و نەستاران زەریمانیش لە پارێزگای تاران لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم ناوچەیەدا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی رژێمی ئێرانەوە کوژران.

 

هاوکات، فەرزانە تەوەکوولی و خەڵکی شاری ئەراک و دایکی دوو منداڵ لەکاتی خۆپیشاندانی ناوچەکە لەلایەن هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێرانەوە کوژرا، پاشان سۆنیا ساڵحیزادە تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی شاری شیراز لەکاتی خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێران کوژرا.

 

لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، غەزەل وەکیلی ئەکتەر تەمەن ٣٨ ساڵ و دانیشتووی پارێزگای تاران لەلایەن هێزکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بەبەکارهینانی توندوتیژیی و هێرشکردنە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کراوە، هەوڵەکانی خێزانەکە بۆ بەدواداچوونی بارودۆخەکەی بێ ئەنجام بووە.

 

لە ١٤ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، شەهرزاد ڕەزایی چالاکوانی مافی ژنان خەڵکی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لەو پارێزگایە بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کرا و چارەنووسی نادیارە، هەروەها پێشتریش لەکاتی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی''ژن ژیان ئازادی'' دەستبەسەرکرابوو.

 

لە ١٤ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، پەرەستۆ جەمالزایی چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی خەڵکی شاری ئەرک لە کاتی گەڕانەوەی لە تارانەوە لە دەروازەی ئەم شارە لەلایەن یەکەی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە ڕفێندرا و تا ئیستا شوێنی ڕاگرتنی نازاندرێت، هەروەها مۆبایل و پێگەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هێزە ئەمنییە سەرکوتکارەکانی ڕژێمی ئێران دەستیان بەسەردا گیراوە.

 

لە ١٦ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، شیما قوشە، پارێزەر و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە ماڵەکەی خۆیدا لە پارێزگای تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بەبێ دادوەر دەستبەسەر کرا و چارەنووسی بەنادیاری ماوەتەوە، هەروەها پارێزەرێکی بەناوبانگی چالاکوانی مافەکانی ژنانە کە لە ماوەی دەیان ساڵی کارکردندا نوێنەرایەتی ژمارەیەک کەیسی ژنانی کردووە کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە چالاکانە لە کۆڕبەندە یاسایی و مەدەنییەکاندا ئامادە بووە.

 

هاوکات چالاکوانێکی کۆمەڵگەی مەدەنی بەناوی ئەفسوون عەلی مورادیان لە شاری نەهاوەندی سەر بە پارێزگای هەمەدان لەلایەن هێزە ئەمنییە سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران دەستبەسەر کرا و تا ئێستا هیچ زانیارییەکی وورد سەبارەت بە کات و شوێنی دەستبەسەرکردنەکەی لەبەردەستدا نییە، هەروەها ڕۆڵێکی چالاکی هەبووە لە بوارەکانی وەک، دابینکردنی یارمەتی بۆ ناوچەکانی زیانلێکەوتووی کارەساتە سرووشتییەکان، هاندانی کاری بازرگانی بۆ ژنان، پاڵپشتیکردنی منداڵانی خاوەن پێداویستی و دەستەبەرکردنی ئازادکردنی زیندانیان لە تاوانی بێ مەبەست.