نامەیەک لە ژنانی جیهانەوە بۆ "OPCW"

کۆمەڵێک لە ژنانی ناسراوی جیهان، کە لە نێویاندا نووسەر، ڕۆشنبیر و چالاکوانن، نامەیەکی کراوەیان بۆ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی نووسیوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو نامە کراوەیە بە واژۆی  ژنانی ناسراوی جیهان وەک سیلڤیا فێدریکی، نانسی فریسەر و سیلڤیا مارکۆس بڵاوکراونەتەوە و داوا لە سەرۆکی "OPCW" دەکەن کە دژی هێرشی چەکی کیمیایی تورکیا هەڵوێست وەربگرن.

 

لە ئەنجامی دەستپێشخەرییەکەی ڕێپاکدا، ٦٥ کەس و ڕێکخراوی ژنان لە سەرتاسەری جیهان لە نامەیەکدا کە بۆ یەکەم جار واژۆیان کرد، داوایان لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی کرد، کە بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات و بەدواداچوون بۆ ئەو دەنگۆیانە بکات.

 

"تاوانی شەڕ دەکرێت"

لە نامەکەی ژناندا ئەمانە هاتووە، "بەڕێز بەڕێوبەری گشتی فێرناندۆ ئاریاس، ئەمڕۆ وەک ژنانی وڵاتانی جیاواز، ئێمە لەسەر بابەتێکی زۆر نیگەران نامەتان بۆ دەکەین دەنگۆی ئەوە هەیە کە سوپای تورک جارێکی دیکە چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، لە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢١ەوە دەوڵەتی تورک ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لەدژی هێزەکانی گەریلا و هاوڵاتیانی مەدەنی بەڕێوەدەبات ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لەسەر خاکی دەوڵەتی دراوسێ نەک هەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکو تاوانی جەنگیشە چونکە چەکی قەدەغەکراو بەکاردەهێنرێت".

 

"نامانەوێت لەم تاوانەدا هاوەڵ بین"

ئەوەشی تێدا هاتووە، "بەداخەوە کە دێتە سەر کورد، نە یاسا نەتەوەییەکان و نە یاسا نێودەوڵەتییەکان کار دەکەن هەرچەندە تورکیا پەیمانی چەکی کیمیایی واژۆ کردووە، بەڵام چەندین ساڵە لە چاوی ڕێکخراوە جیهانییەکان بێ ئەوەی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، دڕندەیی خۆی ئەنجام داوە، ئێمە نامانەوێت لەگەڵ ئەم تاوانەدا هاوەڵ بین وەک سەرۆکی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی هیوادارین بەرپرسیارێتی خۆتان جێبەجێ بکەن بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت بەدواداچوون و ڕوونکردنەوەی ئەو تۆمەتە جیددیانەی ئێستا بکەیت و پرسیاریان لێ بکەیت بۆ ئەو تاوانانەی تورکیا ئەنجامیان داوە".