ناگیهان ئاکارسەل، خاوەن ژیانێکی پڕ لە تێکۆشان

تێکۆشەر ناگیهان ئاکارسەل، پرەنسیپی ئازادیی ژنی لە فکر و ژیانی خۆیدا بەرجەستەکرد و هەتا شەهیدیش بوو، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کردبووە بەیداغی تێکۆشان دژی ئەقڵییەتی پیاوسالاری.

ناوەندی هەواڵ

 

ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە هەڤاڵ "زیلان"، تێکۆشەرو نووسەرو ڕۆژنامەنووس، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری قۆنیەی تورکیا لەدایکبووە، تەمەنی منداڵی لە سروشت و دەشتە فراوانەکانی گوند-دا بەسەربردووە، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاری و بەسەرهاتەکانی کردووە، لە وتەکانیدا ئازادیی و جوانییەکانی سروشت هەستی پێدەکرا، لەمنداڵیدا زۆر ئارەزووی و چیرۆکەکانی ژنانی کردووە، هەرچەندە ژیانی لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالارانەدا بوو، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ باوکی هاوڕێیانە بووە.

 

بەهۆی کلتور و ئەو بیروباوەڕانەی لە گوندەکەیاندا هەیانبووە، پیرۆز سەیرکردنی خۆر و ئاگر و گەنم، وەک ئەوەی لە ئاینەکانی عەلەوی و ئێزدییەکاندا هەن، ئەوەش بووەتە هۆی دروستکردنی خۆشەویستییەکی زۆر لە ناخیدا بۆ ناوچەکانی دێرسیم و شەنگال.

 

ناگیهان قۆناغەکانی خوێندنی بەسەرکەوتوویی لە زێدی لەدایکبوونی تەواو دەکات و یەکەم چوونە دەرەوەی لە گوندەکەی بۆ زانکۆ بووە، لە زانکۆی گازی لە شاری ئەنقەرە لە بەشی ڕاگەیاندن وەردەگیرێت، بەڵام ژیانی شار و دیمەنی سەرمایەداریی هەستی بێزاریی و تەنهایی لەلا دروستدەکەن، بۆیە هەوڵدەدات لە شوێنێک ئارامیی و هەستکردن بە پێکەوەژیان بدۆزێتەوە، هەربۆیە بەشداری یەکێتی گەنجانی کوردستان دەبێت.

 

ناگیهان ئاکارسەل دەستی بە خەبات و تێکۆشان کرد

بەهۆی فکر و بۆچوون و چالاکییەکانی لە سەردەمی ژیانی زانکۆیدا، ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٧ زیندانی دەکرێت، دوای ئازادکردنی لە زیندان، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٤ لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە "DIHA" وەک هەواڵساز و پەیامنێر کاردەکات، هەروەها بەمەستی قوڵبوونەوە و زیاتر ڕۆچوون لە پرسی ژن و گرنگی ئازادیی ژن  لەم پرۆسەیەدا کۆرسەکانی بەشی خوێندنی ژنان لە زانکۆی حاجەتەپە وەردەگرێت.

 

ڕۆژنامەنووسێکی بەتواناو بوێر بوو

لە دامەزراندنی یەکەمین ئاژانسی ژنان "ژنها" جێدەگرێت و کاردەکات، لە پێشخستنی ڕاگەیاندنی ژنان زۆر هەوڵدان و تێکۆشان دەکات، ساڵانێک وەک پەیامنێر و هەواڵساز لە چاپەمەنی کوردیدا کاری کردووە، لەپێناو پەرەدان بە ڕۆژنامەوانی ژنان لەو شوێنانەی کاری تێدا کردوون، تێکۆشەر و مامۆستا و هاوڕێی نزیکی هەمووان بووە، هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی ژنانی کورد نامێنێتەوە و ئاشنایەتی لەگەڵ ژنانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی تورکیا پەیدا دەکات.

 

ژنۆلۆژی کە ڕێبەر ئاپۆ، لە ئاستی باڵادا، چ لە ڕووی ئەکادیمی و چ لە ڕووی دامەزراوەییەوە، گرنگییەکی زۆری پێدەدات، کاتێک پرۆسەی بەدامەزراوەییکردنی ژنۆلۆژی دەستپێدەکات ناگیهان ئاکارسەل بەشداری لە خوێندنەکانی ئەکادیمیایاکەدا دەکات، لە کاتی پڕۆسەی دامەزراندنی گۆڤاری ژنۆلۆژیشدا زۆر هەوڵیداوە، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رنووسه‌رانی گۆڤاره‌كه‌یه‌ و به‌رده‌وامیش به‌ بابه‌ته‌كانی گۆڤارەکەی دەوڵەمەندتر کردووە، لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی پەروەردەیی ژنانی ئەنجامداوە، بەهەزاران کەسی پەروەردە کردووە و نووسینەکانی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە.

 

 

دوای ساڵی ٢٠١٨ بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکانی لەسەر عەفرین و شەنگال، جگە لەوەش عاشقی فەرهەنگی هەورامان و خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەوڵیداوە لەو بوارانەدا لێکۆڵینەوە بکات.

 

ساڵی ٢٠١٩ تا ساتی شەهیدبوونی لە باشوور بۆ پێشخستنی ژنۆلۆژی بێ وچان کاریکرد، سەرباری ئەوەی سۆرانی بەباشی نەدەزانی بەڵام زمانی نەکردە ئاستەنگ و بەدەیان کۆڕ و سیمینار و پەروەردەی بەڕێوە بردووە، بۆ ئاشناکردنی گەنجان بە ژنۆلۆژی و سروستی کوردستان گەشتی ژنۆلۆژی بەڕێوەدەبرد.

 

دەیویست مێژووی ژنانی باشور بنوسێتەوە

لە دوو ساڵی ڕابردوودا بۆ کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی کلتوری زارەکی و لێکۆڵینەوەی ژنان لە کوردستاندا و دروستکردنی ڕێکخراوێک کە بتوانێت پێشەنگایەتیی ڕۆشنبیریی ژنان بکات بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە کاری دەکرد، خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ناوه‌ندی کتێبخانه‌ و ئه‌رشیف و لێکۆڵینه‌وه‌ی ژنانی کوردە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان، بڕوای بەوەبوو کە شۆڕشی باشوور شۆڕشی ژنان دەبێت.

 

گەورەترین ئاواتی ئەوەبوو ڕۆمانێک لەبارەی ژیاننامەی خۆی و پەیداکردنی ئاشناییەتی لەگەڵ  فکری ڕێبەر ئاپۆ بنوسێت، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت تەواوی بکات، لە ڕۆژی ٤ی تشرینی یەکەم لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی شەهید کرا.