''مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئیرادەی خەڵک و مافی ژیانیان بەهێزترە لە هەموو هەوڵەکانی جینۆساید''

تەڤگەری ژنان و کۆنگرە ستار لە ناوچەی فورات لە ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشەکانی سەر کۆبانێیان شەرمەزار کرد و بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافی ژیان و شکۆمەندیان زانی.

کۆبانێ

 

هێرشە بەردەوامەکانی سەر کۆبانێ لە سەرەتای کانوونی دووەمەوە بووەتە هۆی گەمارۆیەکی خنکێنەر کە مەترسی لەسەر ژیانی سەدان هەزار خەڵکی مەدەنی هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەوازەکان بۆ دەستێوەردانی بەپەلەی نێودەوڵەتی زیاد دەکات.

 

کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار لە دەڤەری فورات و تەڤگەری ژنان، ٢٨ی کانوونی دووەم ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و بەردەوامی هێرشەکانی سەر کۆبانێیان شەرمەزار کرد و بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر مافی ژیان و شکۆمەندی خەڵکیان زانی.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ەوە حکومەتی کاتی سووریا و گروپە توندڕەوەکان هێرشی توندوتیژیان بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستپێکردووە و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان تێکداوە و دانیشتووانەکەی ناچارکردووە کۆچ بکەن و شاری کۆبانێ گەمارۆدەدەن، ئەمڕۆ زیاتر لە هەفتەیەکە کە زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لە کۆبانێ بێ ئاو و کارەبا و دەرمان و ئینتەرنێت لە شارەکە دا کۆچیانکردووە، شارەکە لە سێ لاوە هێرش دەکرێتە سەر و کۆمەڵکوژی دژی دانیشتووانی ئەو شارە ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی لە گوندەکانی قاسمی و خەراب عشک کە ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، کە بەئامانجگرتنی ژنان لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە تایبەتمەندییەکی ئەو هێرشانە بووە، لەڕێگەی پراکتیزەکردنی دڕندانە لە بڕینی جەستەو لەسێدارەدانی گشتی، ئەمەش بەرخۆدانی ژنانی شەڕڤانی کوردی وەک ئارین میرکان و هەڤاڵەکانی لە ساڵی ٢٠١٤ لە کۆبانێ بیر دێنێتەوە کە داعشیان بەرپەرچ دایەوە، ئەوان تووشی جۆرەها توندوتیژی دڕندانە بوون، لە فڕێدانی تەرمەکانیانەوە لە باڵەخانەکاندا تا دەگاتە لەشبڕین و تەنانەت تا لەسێدارەدانی ئاشکرای ژنانی شەڕڤان و مەدەنییەکان.

 

لە درێژەی ڕاگەیانراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە سەرەڕای ڕاگەیەندراوی ئاگربەست، هێرشەکان بەردەوامن، بەتایبەتی کە ساڵڕۆژی ڕزگاربوونی کۆبانێ لە دەستی داعش لە ٢٦ی کانوونی دووەم، پێدەچێت هەوڵێک هەبێت بۆ زیندووکردنەوەی داعش، بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت کە ئیرادەی خەڵک و مافی ژیانیان بەهێزترە لە هەموو هەوڵەکانی لەناوبردن.

 

ئەندامانی کۆنگرە ستار بەردەوامی بەرخۆدانییان تا گەڕانەوەی ئاشتی دووپات کردەوە، هەروەها بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنان کرد کە لەگەڵ کۆبانێ بوەستن، ئێمە، ئەندامانی کۆنگرەی ستار و ژنانی کۆبانێ، ئەم هێرشە دڕندانە و بێ ڕەوشتییانە شەرمەزار دەکەین دژی بوونی گەلی کورد و دژی ژنان و منداڵان، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان تا گەلەکەمان ئارامی بەدەست دەهێنێتەوە.

 

جەخت لەوەش کراوەتەوە، کە جیهان قەرزاری کۆبانێیە کە مرۆڤایەتی لە دەستی داعش ڕزگار کرد و ئێستا هاوکاری و پشتیوانی نێودەوڵەتی پێویستیەکی بەپەلەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو کارەساتە.