میشل ئەلیۆماری: پێویستە هەنگاو بنرێت بۆ بەرگری لە ژنانی ئێران
میشل ئەلیۆماری، سیاسەتمەداری فەڕەنسا ڕایگەیاند، ڕۆژی ٨ی ئاداری ئەمساڵ دەرفەتێکە، کە دەتوانین بە ئازادانە قسە بکەین، دەبێت حکومەتە ڕۆژئاواییەکان هەنگاوی کرداری بنێن بۆ بەرگریکردن لە ژنانی ئێران.

ناوەندی هەواڵ
میشل ئەلیۆماری، سیاسەتمەداری فەڕەنسا لە میانی مەراسیمێکی تایبەت بە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان لە پاریس وتارێکی پێشکەش کردو ڕایگەیاند، ڕۆژی جیهانی ژنانی ئەمساڵ ڕۆژی چالاکییە، دەرفەتێکە، کە دەتوانین بە ئازادانە قسە بکەین و باس لە بەرەوپێشجوونەکانمان بکەین و پاڵشتی بۆ یەکتری ڕابگەیەنین.
وتیشی: ئەو دەستکەوتانەی ژنان بە دەستیان ههێناوە لە ئەنجامی تێکۆشان و خەباتی ژنان بووە، کە بۆ ئازادی و دیموکراسی و یەکسانی جەنگاون.
ئاماژەی بەوەشکرد، خەباتی ژنانی ئیران بۆ بەرگریکردنە لە ئازادی و مافەکانیان، ئەو شەڕەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت ململانێیەکی کەلتووریی و سیاسییە، هەروەها ژنان بە بێ ئەوەی بترسن ڕۆژ بە رۆژ دژایەتی خۆیان بەرامبەر ڕژێمی ئێران ڕادەگەیەنن و کاتی ئەوە هاتووە حکومەتە ڕۆژئاواییەکان هەنگاوی کرداری بنێن بۆ بەرگریکردن لە ژنانی ئێران.
جێگای ئاماژەیە، میشێل ئەلیۆماری لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١١ یەکەم ژن بوو لە فەڕەنسا، کە پۆستەکانی وەزیری بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دەرەوە و وەزیری دادی وەرگرت، هەروەها لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣بۆ ١٩٩٥ وەزیری وەرزش و لاوان بوو.