میلیشاکان بۆ سەرکوتکردنی خەڵک لە شەقامەکانی ئێران جێگیرکران

بەپێی ڕاپۆرتێکی دەنگی دەستگیراوانی کورد و ئێران، لە سەرانسەری ئێراندا جموجۆڵی میلیشا شیعە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی زیاد بووە و لە شەقامەکاندا جێگیر کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

دەنگی دەستگیراوانی کورد و ئێران دەربارەی بڵاوبوونەوەی هێزە ملیشیا چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران  بەنێو شارەکانی وڵاتەکەدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: لە شارەکانی سەرانسەری ئێراندا و ناوچە سنوورییەکان جموجۆڵی میلیشا شیعە چەکدارەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران بەناوی” زەینبیون” و حەشدی شەعبی زیاد بووە.

 

 هەروەها مێلیشاکان بە تایبەتی لە شاری چابەهاری باشووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان بازگەیان داناوە و زمانی فارسی و بەلووچی نازانن، بە شێوەیەکی سووکایەتی پێکردن پشکنینی جەستەی هاووڵاتییان و پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان دەکەن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو میلیشایانە هەندێک جار بە شێوەیەکی سەربەخۆ و هەندێکجاریش لەگەڵ میلیشیا ناوخۆییەکان کاردەکەن، پێشتریش شانبەشانی هێزەکانی “فاتمیون” لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سیستان و بەلووچستان بینراون و تەنانەت لە هەندێک پڕۆژەی ئابووری ناوچەکەشدا چالاک بوون.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، حەشدی شەعبی بە هەڵکردنی ئاڵای عێراق و ئێران لە بەسرەوە بەرەو ئێران هاتوون و لە شارەکانی وەک خوڕەمشەهر و ئابادان جێگرکراون، ئەوان لە ژێر پەردەی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان گەیشتووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە پاڵنەری پشت ئەم هەنگاوە لە دابینکردنی فریاگوزاری زیاترە.

 

جێگای ئاماژەیە، میلیشا چەکدارەکانی ڕژێمی ئێران و حەشدی شەعبی لە سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزایەتییەکان و کوشتنی خۆپیشاندەرانی کورد و ئێران مێژوویەکی خوێناویان هەیە، جگە لەوەی لە زانکۆکانی ئێران بۆ چاودێریکردنی خوێندکاران جێگرکرابوون و بەهۆی پاندنەبوونی ژنان بە باڵاپۆشی زۆرەملێ بێرێزی و سوکایەتییان بە خوێندکارانی ژن دەکرد.