میکانیزمی نوێ بۆ ڕێنمایکردنی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە دەستی پێکردووە
لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا وڵاتی تونس یەکێکە لەو وڵاتانەی ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان چوار هێندە زیادی کردووە.
تونس
ڕۆژی سێشەممە ١٣ی تەمموز، "ئیمان هومیل" وەزیری ژنان، خێزان، منداڵان و بەساڵاچوان ڕایگەیاند، ڕێنمایکردنی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر کراوە دەستی پێکردووە، دەستپێکردن بەم میکانیزمە نوێیە ئامانج لێی ڕێکخستنی هەموو ئەو کەسانەیە کەلە تاوانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان دەستیان هەبووە.
بە وتەی ئیمانی وەزیر، ئەو میکانیزمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی ئەوروپا دەستی پێکردووە و بە دوای ڕێنمایی باش بۆ ژنان دەگەڕێن، جەختی لەوەش کردەوە، میکانیزمەکە لەسەر بنەمای نەهێشتنی تاوانی توندوتیژی کار دەکات، تا چیتر ژنان و منداڵان ژیانیان پارێزراو بێت و ڕووبەڕووی توندوتیژی نەبنەوە، هەروەها داوای کرد کە هەوڵەکان چڕ بکرێتەوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی.
بە هۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی توندوتیژی دژی ژنان لەو وڵاتە بە ڕێژەیەکی ترسناک زیادی کردووە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەی یەک ساڵدا حەوت هەزار حاڵەتی توندوتیژی خێزانی تۆمارکراوە، وە بۆ ئەمساڵیش توندوتیژی دژ بە ژنان چوار هێندە زیادی کردووە.
ت.پ