میدیای ئەفغانستان؛ زیادبوونی فشار و سانسۆر بەردەوامە
ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن کە فشارەکان بۆ سەر میدیاکان لە ئەفغانستان لەوانەش سنووردارکردن و سەختی ئابووری زیادی کردووە. ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئۆتۆ-سانسۆرو لاوازبوونی میدیای سەربەخۆ.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-ئەفغانستان یەکێک بووە لە قوربانییە گەورەکانی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییانەی کە لەو وڵاتەدا ڕوویانداوە. زیادبوونی فشار و سنووردارکردنی یاسایی و قەیرانی ئابووری و میدیای سەربەخۆی لە هەموو کاتێک قورستر کردووە.
ئەم پرۆسەیە هەمیشە ئامانجی فشاری ڕۆژنامەنووسان و ژنان و چالاکوانانی مەدەنی بووە. ئەمەش لە حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردن و کوشتن و بڵاوبوونەوەی ئۆتۆسانسۆریدا بە ڕوونی دەرکەوتووە.
دۆخی ئەفغانستان کە لە هەمانکاتدا بەهۆی ستەم و هەژارییەوە ئەزموون دەکرێت، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە.
توندوتیژی و فشارەکان دژی ڕۆژنامەنوسان زیاتر دەبێت
لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٦، ڕۆژی نیشتمانی ڕۆژنامەگەریی ئەفغانستان، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ناوەندی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستاندا هاتووە: پێشێلکردنی مافەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لەو وڵاتە زیادی کردووە، ساڵی ڕابردوو ٢٠٧ ڕووداوی توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و پێشێلکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن تۆمارکراون. لەو ڕووداوانە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، یەک کەسیش بریندار بووە. ١٨٣ ڕووداوی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ، ٢١ ڕووداوی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پێشێلکارییەکان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٥ بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە ١٨ شاردا ڕێگە بە پەخشی ڕاستەوخۆ نەدراوە، ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن ناچاربوون پەخشی تەلەفزیۆنی خۆیان بگۆڕن بۆ ڕادیۆ یان بە تەواوی داخراون. بە وتەی میدیاکارانی سەردەمی ڕژێمی تاڵیبان، زۆرێک لە ڕێکخراوە میدیاییەکان بوونەتە ئامرازی پڕوپاگەندە و کرێکاران بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابوورییەوە وازیان لە کارەکانیان هێناوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی ٢٠٢٦ ئەفغانستان لە پلەی ١٧٦دایە لە کۆی ١٨٠ وڵات کە خراپترین بارودۆخی ڕۆژنامەگەرییان هەیە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ساڵی ڕابردوودا سێ ڕۆژنامەنووسی ئەفغانی کوژراون و ٢٥ حاڵەتی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنیان تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەدوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبانەوە تا ئێستا ٢٥٠ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون و سانسۆریش گەیشتووەتە ئاستێکی جددی. لەم پرۆسەیەدا ژنانی ڕۆژنامەنووس زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
دوای گەڕانەوەی تالیبان یاسای ڕاگەیاندن هەڵوەشایەوە و بڕیارێکی ٢٤ ماددە بۆ ڕاگەیاندن دەرچوو. ئەم فەرمانانە بەم شێوەیەن:
* قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە میدیای دەوڵەتی (لەوانەش ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانی) (٢٤ی ئابی ٢٠٢١)
* قەدەغەکردنی میدیاکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ لەسەر ناڕەزایەتییەکان (٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١)
* ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ناوەڕۆک (١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢١)
هەر لەو پێوەندییەدا سەرۆکی ناوەندی زانیاری تاڵیبان پەیڕەوێکی ١١ خاڵی ڕاگەیاند:
*باسەکانی دژی ئیسلام نابێت بڵاوبکرێنەوە
٭ نابێت بێڕێزی بە کەسایەتییە نیشتمانییەکان بکرێت
*نابێت پێشێلی تایبەتمەندی نیشتمانی و کەسی بکرێت
٭ نابێت هیچ شێواندنێک لە هەواڵەکاندا هەبێت
*بەپێی پرەنسیپەکانی ڕۆژنامەوانی مامەڵە بکە
* پێویستە هاوسەنگی لە پەخشدا ڕەچاو بکرێت
*ئەو بابەتانەی ڕاستەوخۆ پشتڕاست نەکراونەتەوە پێویستە بە وریاییەوە بڵاوبکرێنەوە
*ئەو ناوەڕۆکانەی پێشێلی ئەخلاقی گشتی دەکەن پێویستە بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت
* پێویستە سەربەخۆیی میدیا بپارێزرێت
٭ ئامانجی حکومەت هاوکاریکردنی میدیاکانە
*فۆرماتە تایبەتەکان بۆ ئامادەکردنی هەواڵەکان دابینکراوە
پێویستی ناساندنی تاڵیبان وەک حکومەتی ئەفغانستان (٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١)
* قەدەغەکردنی پەخشی مۆسیقا لە میدیاکان
* قەدەغەکردنی ئافرەتان لە زنجیرە تەلەفزیۆنیەکان، قەدەغەکردنی فیلم و زنجیرەکان، هەروەها داواکردنی ئافرەتان بۆ پۆشینی ڕووپۆشی دەموچاو بۆ ژنانی کرێکار (٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١)
* قەدەغەکردنی ڕەخنەگرتن لە بەرپرسانی تاڵیبان ٢٠٢٣
* قەدەغەکردنی چاوپێکەوتنی وێنە و ڤیدیۆ لە قەندەهار
* قەدەغەکردنی پەخشی تەلەفزیۆنی نێودەوڵەتی
* سنووردارکردنی ڕیکلام بە ناوەڕۆکی سیاسی و کۆمەڵایەتی
*هەمان سنووردارکردن بۆ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵاتداران
* قەدەغەکردنی وێنە و ڤیدیۆ لە شاری هێلمەند
* قەدەغەکردنی هاوکاری لەگەڵ میدیای دەربەدەر
* قەدەغەکردنی دەنگی ژنان لە هەندێک ناوچە
* قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زاراوەی بیانی
* قەدەغەکردنی گرتە ڤیدیۆییەکانی کۆبوونەوە فەرمییەکان
* قەدەغەکردنی گفتوگۆی تەلەفۆنی ئافرەتان لەگەڵ میدیاکان
* قەدەغەکردنی گرتە ڤیدیۆییە ڕاستەوخۆکان ٢٠٢٤
* قەدەغەکردنی بەرنامەی سیاسی و ئابووری ڕاستەوخۆ
* قەدەغەکردنی پرسیارکردن لە سیاسەتەکانی ئیدارە
* قەدەغەکردنی بەشداریکردنی کەسانی پسپۆڕی پشتڕاستنەکراوە لە میدیاکاندا
لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، ڕێسای نوێ ڕاگەیەندرا:
* گفتوگۆکان تۆمار بکرێن نەک لایڤ
*پسپۆران تەنها لە لیستی پەسەندکراو هەڵبژێردرێن
* پێویستە مۆڵەت بۆ ئەو کەسانە وەربگیرێت کە لە دەرەوەی لیستەکەن
*پێویستە پێشوەختە بەرنامەکان پەسەند بکرێن
*ڕەخنەگرتن لە سیستەمی قەدەغەکردن
*پاش پەخشکردنی بەشە هەستیارەکان لاببرێن
* تیمەکە بە تەواوی بەرپرسیارە لە ئەگەری سەرپێچی
*نابێت هەڵەکان ڕاستبکرێنەوە
*بەکارنەهێنانی بەرپرسانی مردوو وەک شەهید
*بەکارنەهێنانی هێزی تایبەت بۆ سەرکردەکانی تاڵیبان و نەبوونی هەواڵی بێ مۆڵەت
هەروەها چوار فەرمانی تریشیان دەرکرد:
*بەکارهێنانی دەنگدانی تایبەت بۆ سەرکردەکان قەدەغەیە
* دەنگی ژنان لە ڕادیۆ قەدەغە کراوە
* ڕیکلامی تەندروستی و دەرمان بەبێ مۆڵەت پەخش ناکرێت
* بۆ گەشتی ڕۆژنامەوانی پێویستە مۆڵەتی فەرمی وەربگیرێت
داخستنی ئینتەرنێت لە وڵات بە بیانووی ڕێگریکردن لە بێ ڕەوشتی ٢٠٢٥
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی تاڵیبان پێشتر بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە پێویستە میدیاکان لە چوارچێوەی یاسایی هەنووکەدا کاربکەن، بەڵام هەر هەوڵێک بۆ ئەو کارە بە فشار و دەستگیرکردن بەرەوڕوو بووەتەوە.
لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری نیشتمانیدا ڕۆژنامەنووسێک کە پێشتر ڕاگیرابوو و ناچار بوو دان بەخۆیدا بنێت ئازادکرا، بەڵام هەمان ڕۆژ ڕۆژنامەنووسێکی دیکە دەستبەسەرکرا و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی جددی دەبنەوە
بەپێی داتا بڵاوکراوەکان، زۆرینەی ڕۆژنامەنووسانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی کێشەی دەروونی جددی دەبنەوە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەو فشار و هەڕەشەیەیە کە ڕژێمی تاکڕەوی تاڵیبان دەیخاتە ڕوو.
لە کۆتاییدا ئەم داتایانە نیشان دەدەن کە دیمەنی میدیا لە ئەفغانستان لە ساڵانی ڕابردوودا بە توندی سنووردار و کۆنترۆڵ و هەڕەشەی لەسەر بووە، ڕۆژنامەنووسان نەک تەنیا لەگەڵ هەڕەشە ئەمنییەکان، بەڵکو لەگەڵ فشارە ئابووری و دەروونییەکانیشدا خەبات دەکەن، بەردەوامی ئەم دۆخە زەمینە بۆ بێدەنگکردنی میدیای سەربەخۆ لە وڵاتدا خۆش دەکات.