مونیرە ئەبوبەکر: پێویستە هاوڵاتیان و بە تایبەت ژنان دەنگ بە بەربژێری ژن بدەن بۆ داکۆکیکردن لەمافەکانیان
مونیرە ئەبوبەکر، توێژەر و ڕاوێژکاری سیاسیی، دەڵێت: بەشێکی ژنان لە لایەن پیاوانی خێزانەوە ناچار بە دەنگدان دەکرێن، بەڵام پێویستە ژنان بە ویستی خۆیان کاندید و لیستی دڵخوازیان هەڵبژێرن، تا بتوانن ژنانێک بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان بنێرنە پەرلەمان.
هێلین ئەحمەد
سلیمانی- بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، لە کۆی حەوت هەزار و ٧٦٩ کاندید، دوو هەزار و ٢٤٨ ژن بۆ کاندید بوون لە پەرلەمانی عێراقدا لە کێبڕکێدان، لە هەریمی کوردستاندا کاندیدانی ژن گەیشتوەتە ١٤٤کاندید، سەرەڕای هەبوونی سیستمی کۆتاو هەبوونی ئەقڵیەتی لاوازبینینی ژنان لە کایە سیاسییەکاندا، بەڵام ژنانی بەربژێر لە ڕێگەی نیشاندانی کار و چالاکییەکانیانەوە، تێکۆشان بۆ بەدەستهیننای زۆرترین کورسی لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکەن، هەروەها بۆ بەدەسخستنی مافەکانی ژنان و کارکردن لەسەر پرسەکانی ژنان لە پەرلەمانی عێراقدا، ژنان بانگەشەی دەنگدان بۆ ژنانی بەربژێر دەکەن، تا بتوانن لە ڕێگەی پەرلەمانتارانی ژن لە پەرلەمانی عێراق ڕێگری لە هەمواری یاسای باری کەسێتی بکەن و دەستەبەری مافەکانی ژنانیش بکەن.
''بەربژێرانی ژن هەوڵ بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژییە یاساییەکان بۆسەر ژنان بکەن''
مونیرە ئەبوبەکر، توێژەر و ڕاوێژکاری سیاسیی، ئاماژەی بەوەدا، بە ڕێککەوتن لە نێوان کوتلە سیاسییەکاندا هەموواری یاسای باری کەسێتی کرایە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ژنانی ڕوبەڕووی توندوتیژی و زەوتکردنی مافەکانی کردەوە، هەروەها هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی و بڕیاردانی جێبەجێکردن بە دەنگی کوتلە سیاسییەکان لە پەرلەمانی عێراقدا، ١٠٠ ساڵ ژنانی لە مافەکانی بردە دواوە، کە پێویستبوو پەرلەمانتاران ڕێگریان لە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بکردایە، لە ناو یاساکەدا منداڵانیش زیانی جەستەی و دەروونیان پێدەگات، کە لە تەمەنی نۆ ساڵدا هاوسەرگیریان پێ ئەنجامدەدرێت، دەرئەنجامی ئەم یاسایە ئاوارەبوونی ژنای لێ کەوتەوە، بەشێکی زۆر لە ژنان بۆ پەناگەیەک دەگەڕێن کە یاسای باری کەسێتی تێدا جێبەجێ نەکرێت، تێپەڕاندنی یاساکە و پێشێلکردنی مافی ژنان و منداڵان لە ڕێگەی پەرلەمان و پەرلەمانتارانەوە ئەنجامدرا، هەر لە ڕێگەی بەربژێرەکان بۆ پەرلەمانی عێراق دەتواندرێت ماف بۆ ژنان بگەڕێندرێتەوە، لە ئێستادا نزیک دەبینەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پێویستە بەربژێرانی ژن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان هەوڵی گۆڕانکاری کردن لە یاسای باری کەسێتی بدەن تا مافی ژنان بەدەست بخەن، هەموواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا بۆ ئێستای ژیانکردن گونجاو نییە، بۆیە پەرلەمانتارانی ژن بۆ وەرگرتنی مافی ژنانی دیکە لە ڕێگەی دەنگی ژنانەوە دەنێردرێنە پەرلەمانی عێراق، تا هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان لە پەرلەمانی عێراقەوە بدەن، هەوڵ بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ بدەن، تا ژنان لە ڕێگەی ئەو یاسایەوە جینۆساید نەکرێن، لەسەر خاکی خۆیان ئاوارەی وڵاتانی دیکە نەبن، چونکە ئەو یاسایە بۆ ئێستای ژیانکردن ناگونجێت، بۆیە پێویستە هاوڵاتیان و بە تایبەت ژنان دەنگ بە بەربژێری بە ئەزموونی ژن بدەن، ژنانێکی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان لە ڕێگەی دەنگەکانمانەوە بنێرینە پەرلەمانی عێراق تا لە ڕێگەی خەباتیان لە پەرلەماندا مافی ژنان دەستەبەر بکرێت، تا یاسای باری کەسێتی جارێکی دیکە هەمووار بکرێتەوە و بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا ببرێت، بۆئەوەی ژنانیش بە ئازادانە بتوانن لەسەر خاکی خۆیان لەگەڵ منداڵەکانیاندا ژیان بکەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: تا ئێستاش بەشێکی ژنان لە لایەن پیاوانی خێزانەوە ناچاربە دەنگدان دەکرێن، بەڵام پێویستە ژنان بە ویستی خۆیان کاندید و لیستی دڵخوازیان هەڵبژێرن، تا بتوانن ژنانێک بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان بنێرنە پەرلەمان، هەروەها ژنان بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، کاتیک بە تیمێک بۆبانگەشە دەچنە لای هاوڵاتیان دەنگ بۆ ژنانی بەربژێر کۆبکەنەوە، هەروەها ئەو ژنە بەربژێرانەی دەچنە پەرلەمانی عێراق، ئاستی ڕۆشنبیری و فکریان بەردەوام ڕوو لە گەشەکردن و بەهێزکردن بکات، تا بتوانن داکۆکی لە سەرجەم مافەکانی ژنان بکەن، پێویستە پەرلەمانتاران داکۆکی لە مافەکانی ژنان بکەن خزمەت بە سەرجەم پێویستییەکانی ژنان بکەن، سەرەڕایی یاساکان ژنان لە ڕووی تەندروستی و کۆمەڵاییەتی و دابینکردنی ئابووری سەربەخۆوە پێویستیان بە هاوکاری هەیە، بۆیە بەربژێرانی دەبێت کار و بەرخۆدانیان هەبێت، وە لە ڕێگەی کۆمەڵگەوە هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بدەن.