مشتومڕ لەسەر ''بەڵگەنامەی نەتەوەیی تەندروستی ژنان'' لە ئێران بەردەوامە
''بەڵگەنامەی نەتەوەیی تەندروستی ژنان'' کە لە ئێران کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، تەندروستی ژنان لە چوارچێوەی شێوازی ژیانی ئیسلامی- ئێرانیدا پێناسە دەکاتەوە، کە ئامانجی زیادکردنی کۆنترۆڵی جەستەی ژنانە.
ناوەندی هەواڵ
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی، ''بەڵگەنامەی نەتەوەیی تەندروستی ژنان''ی خستە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەڵگەنامەکە باس لە تەندروستی ژنان دەکات لە چوارچێوەی ''شێوازی ژیانی ئیسلامی-ئێرانی'' و تیشک دەخاتە سەر پرسەکانی زیادکردنی توانای منداڵبوون و ڕێگریکردن لە لەباربردن و بەهێزکردنی ڕۆڵی دایکایەتی.
ئەوانەی پەسەندی بەڵگەنامەکەیان کردووە بە هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیکردنی خێزانەکان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی دەزانن، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەو بەڵگەنامەیە درێژەپێدەری سنووردارکردنی پێشووی مافی زاوزێ و سیاسەتی فراوانکردنی دانیشتوانە.
''خێزان و دایکایەتی لە بەرنامەی کاردایە''
ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ڕۆشنبیری و بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی لە کۆبوونەوە فەرمییەکاندا ڕایانگەیاندووە، بەڵگەنامەکە ڕێنمایی و چوارچێوەی کارکردن لە نێوان دامەزراوەکان لە بواری تەندروستی ژناندا دەخاتە ڕوو، کە ئامانجی باشترکردنی باری جەستەیی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و ڕۆحی ژنانە، هەروەها ڕاگەیەندراوە کە ئامانج لەم بەڵگەنامەیە پشتیوانی خێزان و پاراستنی کەرامەتی دایکایەتی و بەهێزکردنی تەندروستی کۆمەڵایەتییە، بەرپرسانیش ڕایانگەیاند، کە ئەم بەڵگەنامەیە بڕگەی گشتی لەخۆدەگرێت و پێویستە بەرنامەکانی نێوان دەزگاکان ئامادە بکرێن بۆ جێبەجێکردنی دروست.
''دووگیانی و لەباربردنی منداڵ سنووردارکردنیان بۆ دانراوە''
لە لایەکی ترەوە بە پێی ڕاپۆرت و شیکاری و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ، ئەو بەڵگەنامەیە درێژەپێدەری "یاسای پاڵپشتی خێزان و گەنجکردنەوەی دانیشتوان"ە کە لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ هاندانی گەشەی دانیشتوان دەرچووە، چاودێرانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی ژنان ڕایانگەیاندووە، کە یاساکانی ئەم دواییەی دانیشتوانی ئێران دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی ڕێگری لە دووگیانی و لەباربردنی سەلامەتی سنووردارکردووە و مەترسی لەسەر تەندروستی و مافەکانی ژنان دروست کردووە و بە "پێشێلکردنی مافی زاوزێی ژنان" وەسف کراون.
''کۆنترۆڵی زیاتر بەسەر ژناندا''
داوا لە حکومەت کرا دەقی تەواوی بەڵگەنامەکە و پلانی جێبەجێکردنی ئاشکرا بکات، هەروەها گەرەنتی یاسایی بۆ دەستڕاگەیشتن بە تەندروستی زاوزێ دابین بکات، هەرچەندە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لەوە دەکات کە ''بەڵگەنامەی نەتەوەیی تەندروستی ژنان'' چوارچێوەیەک بۆ باشترکردنی تەندروستی و پشتیوانیی بنەماڵەکان دابین دەکات، بەڵام ڕوونە کە ئامانجی ئەو وڵاتە زیادکردنی کۆنترۆڵی ژنانە بەسەر بڕیارەکانی زاوزێیان و بەشێکە لە سیاسەتی فراوانکردنی دانیشتوان، لە ئێستادا وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی بەڵگەنامەکە و سیاسەتەکانی لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی ناوخۆی وڵاتدا ڕوون دەکرێنەوە.