مەروە عیسا: دەبێت دەستبەجێ ڕفاندنی ژنانی عەلەوی ڕابگیرێت

ژنانی تل تەمر سەبارەت بە ڕفاندنی ژنانی عەلەوی و حکومەتی کاتی کە هەوڵی فریودانی ڕای گشتی دەدات بە کۆمەڵێک چیرۆکی درۆ و درێژەدان بە تاوانەکانی دەدات، دەڵێت: دەبێت ڕفاندنی ژنانی عەلەوی ڕابگیرێ بۆ ئەوەی سووریا نەگۆڕێت بۆ دوورگەی ئێپستین.

سۆرگوڵ شێخۆ


تل تەمر – سووریا لە ساڵانی ٢٠٢٥-٢٠٢٦دا شایەتحاڵی ڕفاندن و بەئامانجگرتنی سیستماتیکی ژنان و منداڵانی کچی عەلەوی بوو لە کەناراوەکانی سووریا، بەو پێیەی ڕفاندنی خەڵک بێ سزا ماوەتەوە، تاوانباران ئازادن و ڕووداوەکان بەردەوامن.

 

ژنانی تل تەمر نیگەرانن لە دۆخی ژنانی عەلەوی و بۆچوونی خۆیان بۆ ئاژانسەکەمان دەربڕی بەمەبەستی دەستوەردان لە دۆخەکە و ڕاگرتنی تاوانەکان، ڕفاندنی ژنان.

 

"دەبێت ڕفاندنەکە ڕابگیرێت و ئەوانەی ڕفێنراون ئازاد بکرێن"


مەروە عیسا لە تل تەمرەوە باسی لەوە کرد، کە نەک تەنها دۆخی ئەمنی، بەڵکو نەبوونی ئاسایشی سووریا لە هەموو ڕوویەکەوەیە، وتی: سووریا لە پرۆسەیەکەوە بۆ پرۆسەیەکی تر ڕۆیشتووە، چەندین ململانێش سەریان هەڵداوە، یەکێک لەو دۆخە سەختانەی کە ڕووبەڕووی دەبینەوە، ڕفاندنی ژنانە لە سەرتاسەری سووریا، دەبوو دۆخی ئەمنی لە جاران باشتر بوایە، بەڵام وا نەبووە، هەروەها نابێت چیتر ژن و منداڵ بڕفێنرێن، ئەوانەی ڕفێنراون ئازاد بکرێن و تاوانباران سزای توندیان پێ بدرێت.

 

مەروە عیسا سەرنجی بۆ دەستێوەردانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە دۆخی سووریا ڕاکێشا و وتی: نابێت چاوەڕێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بین، لانی کەم پێویستە لە وڵاتەکەماندا بە ئازادی بژین، نابێت کەس دەستوەردان لە ئازادی ژنان بکات لەسەر شەقام و لە شوێنی کار و مافەکانیان پێشێل نەکرێت، سووریا لەناوچووە، دۆخی ژنانی سووریا زۆر سەختە، پێویستە حکومەتی کاتی بیر لە سەقامگیری خۆی بکاتەوە و میکانیزمەکانی پاراستن چالاک بکات، هەروەها زیندانییەکان ئازاد بکات.

 

"هیوادارین سووریا نەگۆڕێت بۆ دوورگەی ئێپستین"
دووپاتی کردەوە، نابێ ڕفاندنی ژنان لە دەرگا یان لە بازاڕەوە ئاسایی بکرێتەوە، چونکە حکومەت پێویستی بە پاراستنی ژنان هەیە، هیوادارین سووریا نەگۆڕێت بۆ دوورگەی ئێپستین، ئەو دڕندەییانەی لە سووریا ڕوودەدەن دڕندەییەکانی ئێپستین بەبیر خەڵک دەهێننەوە، دڕندەییانەی لە ئەوروپا ڕوویدا، نەبوونی ڕەوشت و ئایین و مرۆڤایەتییە و هیوادارین سووریا نەگاتە ئەو ئاستە، چونکە سووریا شارستانیەتی زۆری هەیە و دەبێت بە ڕەنگ و بەهاکانی خۆی بژی.

 

"ڕفاندنی ژنان هۆکاری داڕمانی ئاسایشە لە سووریا"


خەولا عەوێس ڕایگەیاند، دژی ڕفاندنی ژنانە و وتی: پێویستە ژنان بە ئارامی و بێ ترس بژین، بۆیە لەم دواییانەدا حاڵەتی ڕفاندنی ژنان زیادی کردووە، نابێت ژنانی کورد یان مەسیحی ناچار بکرێن ئاینەکەیان بگۆڕن، چونکە هەرکەسێک باوەڕی بە ئایینی خۆی هەیە، ڕفاندنی ژنان دەریدەخات کە هیچ ئاسایشێک لە سووریادا نییە.

 

"حکومەت ژنان ناپارێزێت و چاوی هەمووان لەسەر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە"
خەولا عەوێس داوای کرد ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بێن و بەدواداچوون بۆ ڕفاندنی ژنانی عەلەوی بکەن و وتی: دوای لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، پێویستە ئەو ژنە ڕفێندراوانە بگەڕێندرێنەوە باوەشی خێزانەکانیان، ژنانی سووریا ئەو ئارامییەیان نەبینی کە چاوەڕێی حکومەتیان دەکرد، بۆیە دەبێت مافی ژنان بە دەستوور پارێزراو بن، چونکە تا ئێستا نەمانبینیوە حکومەتی کاتی ژنان بپارێزێت و تاوانباران سزا بدات، ئەو حکومەتەی کە گوایە پێویستە ژنان بپارێزێت، ژنان دەڕفێنێت و هێرشی دەروونی و سێکسی بەرامبەریان ئەنجام دەدات، کە ئەمەش مافەکانی ژنان پێشێل دەکات.