ژنانی سوەیدا کوشتنی عەلەوییەکانی سووریا ئیدانە دەکەن

دەیان کەس لە دانیشتووانی شاری سوەیدا لە باشووری سووریا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەرامبەر کوشتنی خەڵکی مەدەنی عەلەوی خۆپیشاندانیان کرد و داوای جێبەجێکردنی پرەنسیپی لێپرسینەوە و بەدیهێنانی دادپەروەرییان کرد.

ڕوشێل جونیور

 

سوەیدا- لە ڕۆژی ٦ی ئادارەوە پێکدادان لە نێوان جیهادییەکانی هەتەشەو ئەو کەسانەی کە پێی دەوترێت "پاشماوەکانی ڕژێم" بەردەوامە، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، ئەم پێکدادانانە تا ئێستا ٣٩ کوشتنی بەکۆمەڵ لە لازقییە و تەرتوس و شاری بانیاسی لێکەوتووەتەوە و ژمارەی گیان لەدەستدانی مەدەنیش بۆ ٩٧٣ کەس بەرزبووەتەوە کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.

 

کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان شەپۆلێکی توڕەیی و ناڕەزایی لە ناو خەڵکی سوەیدا لێکەوتەوە و ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئادار، شاری سویدە ناڕەزایەتی بەربڵاوی بەخۆیەوە بینی. خۆپیشاندەران ئیدانەی کوشتنی بێ ئیرادەیی خەڵکی سڤیلیان کرد لە کاتی پێکدادانەکانی نێوان ئەو کەسانەی کە بە "پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو" و جیهادییەکانی تەحریرشام ناویان دەبرد.

 

ڕیما عەزام، بەشداربووی ناڕەزایەتییەکانی گۆڕەپانی کەرەمە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری لە کارلادراوەو ئامادەی ئەو کۆبوونەوانە بووە، جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامە لە وەستانەوە دژی ستەم و دیکتاتۆرییەت و دژایەتی کوشتن و توندوتیژی دژی گەلی سووریا دەکات، نەک تەنها لە سوەیدا بەڵکو لە سەرتاسەری وڵاتدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی سووریا لە سەرەتاوە دژی ستەمکاری ڕاپەڕین، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک بەدی نەهات، ئەمجارەش کوشتنەکە لەلایەن جیهادییەکانەوە بە بیانووی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، ئەمەش لە تۆڵەسەندنەوەی ناڕەوا زیاتر نییە. ناوبراو جەختی لەسەر پێویستی دەستێوەردانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ لە سووریا کردەوە.

 

خەزامە بلان، هاوڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سوەیدا، ئیدانەی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کرد کە لە کەناراوەکانی سووریا و لە شارەکانی دیکە ڕوویان دا و وتی: سەرەڕای ئەو هیوایەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد هەمانبوو، دۆخی ئێستا هیچ نیشانەیەکی باشتربوون نیشان نادات و خوێنی گەلی سووریا بەردەوامە لە ڕژان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە پشتیووانی لە هەر حکومەتێک دەکات کە ڕێز لە ژیانی هاووڵاتیان بگرێت و کۆمەڵکوژییەکە شەرمەزار بکات، هیوادارە ئاشتی لە وڵاتدا جێگیر بێت.