مەراسیمی هاوخەمی بۆ ١٢١ گیانفیدای بەرخۆدانی "گورزی گەلان" بەردەوامە

لە شاری سلێمانی مەراسیمی هاوخەمی بۆ ١٢١ گیانفیدای بەرخۆدانی "گورزی گەلان" بەردەوامە و هەریەک لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەب سیاسی یەنەکە، حیزبی سۆشیالستی کوردستان، کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و چەندین کەسایەتی سەردانی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایان لە باشوری کوردستان کرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان، لە بارەگای فەرمی خۆیان مەراسیمی هاوخەمی بۆ ١٢١ گیانفیدای بەرخۆدانی "گورزی گەلان"یان بەڕێوەبرد.

 

مەراسیمەکە بۆ ١٢١ گیانفیدایە کە لە بەرخۆدانی "گورزی گەلان" لە شاری حەسەکە و لە کاتی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا بەشدارییان کرد و گیانیان بەختکرد.

 

لە ماوەی دوو ڕۆژی مەراسیمەکەدا لە خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان پێشوازی لە لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان، کەسایەتی و ئازادیخوازان و هاوڵاتیان دەکرێت، ئەمڕۆش هەریەک لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-یەنەکە، حیزبی سۆشیالستی کوردستان، کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەشداری مەراسیمەکە بوون و بەرخۆدانی شەڕڤان و گیانفیدایانیان بەرامبەر چەتەکانی داعش بەرز نرخاند و پشتیوانی خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان نیشاندا.

 

گەشە شەریف، پارێزەر و ئەندامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: وەک ژنانی حزبی زەحمەتكێشانی کوردستان هاتووین تا هاوخەمی خۆمان بۆ شەهیدان ڕابگەیەنین و دڵخۆشین بەو سەرکەوتنەی لە ڕۆژئاوا بەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا تۆمار کراوە، پێویستە کوردان یەکڕیز و یەک هەڵوێست بن و بەشداری ئێمەش لەم مەراسیمەدا بۆ گەیاندنی پەیام و پشتیوانی خۆمانە بۆ چوارپارچەی کوردستان".

 

گەشە شەریف وتیشی وەکو ژنێک پشتیوانی کوردانی ڕۆژئاوا دەکەم و پشتیوانی لە ژنان دەکەم چونکە ژنان توانیویاتە لە ڕۆژئاوای کورستان بەرخۆدانی گەورە تۆمار بکەن.

 

مەراسیمی هاوخەمی بۆ ١٢١ گیانفیدای بەرخۆدانی "گورزی گەلان" سبەینێ لە بەرەگای خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە باشوری کوردستان، لە شاری سلێمانی بەردەوام دەبێت.

 

ت.پ