منداڵێکی پەنابەری کورد بە خنکاوی لە کەناراوەکانی نەرویج دۆزرایەوە

منداڵە ١٥ مانگەکەی کورد بە ناوی ئارتین ئێراننەژاد، لە دەریادا خنکا دوای چەند مانگێک لە نەرویج دۆزرایەوە و ناسنامەی ئاشکرا بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی نەرویج پاش دۆزینەوەی تەرمی منداڵێک پێش چەند مانگێک لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتەدا، دوێنێ بە فەرمی ناسنامەی منداڵەکەی ئاشکرا کرد.

 

منداڵەکە ناوی ئارتین ئێراننەژادە و تەمەنی ١٥ مانگە، خێزانەکەی ئارتین لە مانگی تشرینی ئەکەمی ٢٠٢٠دا دوای ئەوەی ویستویانە لە دەریای مانش بپەڕنەوە دەکەوتنە ناو ئاو و دەخنکێن، تەرمی ئارتینیش لە دوای چەندین مانگ لە کەنارەوەکانی نەرویجدا دۆزرایەوە.

 

خێزانی ئێراننەژاد لە پێنج کەس پێکهاتوو، خەڵکی شاری سەردەشتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا کۆچەر بوون و لەکاتی گواستنەوەیان بە بەلەم لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا لە دەریادا خنکان و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.

 

تەرمی خێزانەکە جگە لە ئارتین هەر لەکاتی خۆیدا دۆزرایەوە، لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ پۆلیسی نەرویج تەرمی منداڵێکیان لە کەناراوەکاندا دۆزییەوە، دوای شەش مانگ لە دۆزینەوەی لەڕێی پشکنینی بۆماییەوە ناسنامەی ئارتین ئێراننەژاد ئاشکرا کرا.

 

مردنی ئەو خێزانە دوای کۆچکردنیان و خنکانیان بووە هۆی چەندین کاردانەوە و ناڕەزایی لە ئێران و وڵاتانی دیکەدا.