منداڵێکی کچ لە دهۆک بەگوماناوی و بە سووتان گیانی لەدەستدا
لە دهۆک منداڵێکی کچی ١٤ ساڵان، پاش مانەوەی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە نەخۆشخانە، بە سووتان گیانی لەدەستدا، بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هەڕەشەی بەڕێوەبەری خوێندنگەکەیەوە خۆی سووتاندووە.
ناوەندی هەواڵ
لەماوەی ڕۆژانی ساڵی نوێدا چەندین ڕووداوی گیان لەدەستدانی گوماناوی ژنان لە باشووری کوردستان تۆمار کراون کە بۆ زۆرینەیان بەناوی "خۆسووتاندن" یان ڕووداوی "ئاگرکەوتنەوە" کراوە، ئەم گیان لەدەستدانانە کە گەمان دروست دەکەن زۆربەی کات بۆ دەرچوونی تاوانبارانە لە یاساو شاردنەوەی تاوانەکانە.
لە نوێترین رووداودا منداڵێکی کچی ١٤ ساڵان بە ناوی ئیناس عیسا، دەوترێت لە تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە چەند وانەیەک دەرنەچووە و بەهۆی هەڕەشەی بەڕێوەبەری خوێندنگەکەیەوە، خۆی سووتاندووە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، پاش سووتانی دوای نزیکەی ١٠ ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەی سووتان ئیناس گیانی لەدەست داوە، لە ئێستادا کەسوکاری کچەکە وتوویانە: سکاڵایان لەسەر بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیە تۆمار کردووە .
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ٦ی کانوونی دووەم، مندالیکی کچی تەمەن ١٣ ساڵ لە شارۆچکەی قەڵادزێی سنووری ئیدارەی ڕاپەرین بە ئاگر بە گوماناوی گیانی لەدەستداو وترا خۆی سووتاندووە، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بلاویکردەوە، ژنێك لەدوای خۆسووتاندنی لە شاری کەرکوك بە ناوی (ژ. خ. ج) بەداخەوە ژیانی لە ژێر مەترسی و مەرگدایە.
هەر لە ٦ی کانوونی دووەم، لە شارۆچکەی قوشتەپەی سەربە پارێزگای هەولێر، ژنێکی بەڕەگەز عەرەب بە گوماناوی بە ئاگر سووتاو گیانی لەدەستدا، دەوترێت خۆی سوتاند و دەستبەجێ لەشوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستداوە، ٣ی کانوونی دووەم، لە گەرەکی هوانەی سلێمانی ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی بەهۆی ئاگر گیانی لەدەستداو ئێوارەی ٤ی کانوونی دووەم، تەرمی ژنێک بەشێوەیەکی نامۆ لە بەنداوی خاسەی کەرکوک دۆزرایەوە، شەوی ١ی کانوونی دووەمیش لەگەڕەکی گازینوی شارچکەی کەلار دوو خووشک لەماڵێکدا غاز لێی داون و یەکێکیان گیانی لەدەستداو ئەوی دیکەیان برینداربوو.