منداڵان لە جیهاندا ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە
ململانێ بەردەوامەکان لە باکوری وڵاتی ئەسیوبیا دەیان هەزار منداڵی هەرێمەکەی ڕووبەڕووی حاڵەتی برسێتی و مردن کردووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
زیاتر لە حەوت مانگە لە باکوری ئەسیوبیا ناکۆکی و ململانێ دروستبووە، تا ئێستا منداڵان و خێزانەکانی ناوچەکە لەژێر کاریگەری و دۆخێکی نالەباردان و کاریگەری خراپی خستووەتە سەر تەندروستی و سەلامەتییان، بەلایەنی کەمەوە ٣٣ هەزار منداڵ لە ناوچە دەست پێنەگەشتووەکانی وڵاتەکەدا بەهۆی نەبوونی هاوکاری و یارمەتی پێویستەوە توشی بەدخۆراکی دەبن و ژیانیان لەدەست دەدەن.
ئەم منداڵانە ژمارەیان لە نێوان زیاتر لە ٢.٢ ملیۆن منداڵە لە باکوری ئەسیوبیا و ناتوانن خۆراکی پێویستیان بۆ ژیان دەستبکەوێت، پێشبینی دەکرێت بەدخۆراکی لە مانگەکانی داهاتوودا زیاتر بەرەو خراپبوون بچێت، بەتایبەتی ئەگەر دەست بە چاندنی دانەوێڵە نەکەن و یارمەتی پێشکەش بە منداڵان نەکرێت لەو ناوچە دوورە دەستەکاندا.
هەرچەندە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەوڵیانداوە بۆ پشتگیری ئەو کۆمەڵگایانە، دابینکردنی ئاوی سەلامەتی بۆ خواردنەوە و چێشتلێنان و پاکوخاوێنی، دابینکردنی پێداویستی خۆراکی و یارمەتی دانی پاراستنی منداڵ بە تەندروستی و فێربوون، بەڵام نەگەشتوونەتە ئاستی پێویست کە ژیانی منداڵان ڕزگار بکەن لە دەست برسێتی.
ت.پ