"من حقی" هەڵمەتێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە تەندروستی سوڕی مانگانە

لە هەنگاوێکی بوێرانەدا بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان سەبارەت بە تەندروستی سوڕی مانگانە و شکاندنی ئەو تابوانەی پەیوەستن بەوەوە، دامەزراوەی ژنانی جەزائیر بە هاوبەشی لەگەڵ مۆڵپێد هەڵمەتێکی نیشتمانی بە ناوی "من حقی" دەستپێکرد.

نەجوە ڕاهم

 

جەزائیر- کامپەینی "من حقی" ئامانجی بەهێزکردنی کچان و ژنانە بۆ ئەوەی باشتر لە جەستەیان تێبگەن، ژینگەیەکی پاڵپشتتر بۆ مافە تەندروستییەکانیان دروست بکەن. ئەم هەڵمەتە کە زنجیرەیەک بۆنە وۆرکشۆپ و پەروەردە لەخۆدەگرێت، ئامانجی گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگەیە بۆ سوڕی مانگانە و جێگیرکردنی وەک مافێکی بێبەشنەکراوی مرۆڤ.

 

لە دەستپێشخەرییەکی بوێرانە و بێوێنەدا بۆ شکاندنی تابوەکانی پەیوەست بە تەندروستی ژنان، دامەزراوەی ژنانی جەزائیر بە هاوبەشی لەگەڵ مۆڵپێد کە براندێکی گروپی هەیات دی ئێچ سییە، هەڵمەتێکی نیشتمانییان بە ناوی "من حقی" دەستپێکرد کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی تەندروستی سوڕی مانگانە کە دەکەوێتە ٢٨ی ئایار.

 

ئەم هەڵمەتە لە میانی کۆڕێکدا ڕاگەیەندرا کە لە هۆتێل هایات ڕیجێنسی لە جەزائیر لە ڕۆژی ٢٨ی ئایار بەڕێوەچوو، پیشەییەکانی تەندروستی و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی و نوێنەرانی گروپەکانی گەنجان لە سەرانسەری وڵاتەوە ئامادەبوون. ئەم ڕووداوە بە "خاڵێکی وەرچەرخان لە ڕێڕەوی هۆشیاری تەندروستی سوڕی مانگانە لە جەزائیر" پێناسە کرا.

 

لە پەراوێزخستنەوە بۆ ناوبانگ

زۆرێک لە کۆمەڵگەکاندا سوڕی مانگانە بە بێدەنگی و چەواشەکارییەوە دەمێنێتەوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵانی کچ دەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی دەچنە تەمەنی هەرزەکارییەوە، لە ڕووی تەندروستی دەروونی و دەستکەوتی ئەکادیمی و متمانە بەخۆبوون. لێرەوە ئامانجی کامپەینی "من حەقی" ئەم پرسە لە دڵی گفتوگۆی گشتیدا جێگیر بکاتەوە، تەندروستی سوڕی مانگانە وەک مافێکی مرۆڤ و کەرامەتی کەسی بناسێت، نەک تەنها کەیسێکی بایۆلۆژی.

 

ئەم هەڵمەتە نموونەی هاوبەشییەکی سەرکەوتووی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەتە. لە نێوان پابەندبوونی دامەزراوەی ژنانی جەزائیر بە بەهێزکردن و هۆشیاری، شارەزایی مۆڵپێد لە بواری پاکوخاوێنی ژنان، هاوپەیمانییەکی پراکتیکی دامەزراوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، حەفیزە حەمدانی، بەڕێوەبەری براندی مۆڵپێد ڕایگەیاند، "ئێمە ئەم هەڵمەتە نیشتمانییەمان بە هاوکاری دەزگای مەکۆی ژنانی جەزائیر دەستپێکرد، بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان کە هۆشیاری و پشتیوانییان نییە سەبارەت بە سوڕی مانگانە. ئامانجمان بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەهێزکردنی منداڵانی کچە بۆ تێگەیشتن لە جەستەی خۆیان و مافە تەندروستییەکانیان". چالاکییەکانی کامپەینەکە لە چەند پارێزگایەکدا دیاری دەکرێن، بریتی دەبن لە وۆرکشۆپی هۆشیاری و پەروەردە، کۆبوونەوە لەگەڵ پسپۆڕانی تەندروستی دەروونی، دابەشکردنی "کیسەی تەندروستی" بە تایبەتی بۆ منداڵانی کچ، بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵی کە خێزان و پەروەردەکاران دەکاتە ئامانج.

 

بەهێزکردن لە زانینەوە دەست پێدەکات

لە میانەی کۆڕەکەدا، فردۆس مەرزایە، زانای کۆمەڵناس و بەڕێوەبەری دیجیتاڵ مارکێتینگ جەختی لە گرنگی ئاگایی ژنان لە جەستەیان کردەوە، بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانیان کرد، باسمان لە چۆنیەتی گرنگیدان بەجەستە لەکاتی سوڕی مانگانەدا کرد، لەڕێگەی خۆراکی دروست و هاوسەنگکردنی هۆرمۆنەکان و گرنگیدان بە تەندروستی دەروونی. زۆر گرنگە مانگانە پشکنینی بەردەوام بکرێت بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی.

 

جەختی لە پێویستی تێکەڵکردنی تەندروستی سوڕی مانگانە لە وتاری کۆمەڵایەتیدا کردەوە، بەو پێیەی ئەمە پرسێکی سەرەکییە، بەتایبەتی کە ژنان چەندین ڕۆڵ دەگێڕن لە خێزان و کۆمەڵگەدا و پێویستیان بە پشتیوانی هەمەلایەنە و خۆبەهێزکردن هەیە.

 

جیهان براهیمی، پسپۆڕی خۆراک ڕوونیکردەوە کە خۆراکی هاوسەنگ کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکانی سوڕی مانگانە. "ئەو منداڵە کچانەی دەچنە تەمەنی باڵغبوونەوە زۆرجار بەدەست کەمی کالیسیۆم و مەگنیسیۆمەوە دەناڵێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئارەزووی شیرینییان هەبێت، لەبری شیرینکەرەوەی دەستکرد شوکولاتەی تۆخ هەڵدەبژێرن، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و باشترکردنی باری دەروونی.

 

سەبارەت بە کاریگەری سوڕی مانگانە لەسەر ژیانی ژنان، چ لە شوێنی کار، چ لە ناو خێزان، یان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە، ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان هەنگاوی یەکەمە بۆ باشترکردنی تەندروستی دەروونی و جەستەیی ژنان.

 

"بەرەو داینامیکی نیشتمانی بەردەوام"

کامپەینی "من حقی" هەوڵدەدات تەڤگەرێکی نەتەوەیی بەردەوام دروست بکات کە لە خۆپیشاندانی ناوبەناو تێپەڕێت، بەڵکو وەک هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی درێژخایەن ڕەگ داکوتێت. کامپەینەکە ئامادەبووانێکی جۆراوجۆر دەکاتە ئامانج، لەوانە منداڵانی کچی خوێندنگە، خوێندکارانی زانکۆ، دایک و باوک، پەروەردەکاران، کارمەندانی چاودێری تەندروستی و پیشەییەکانی ڕاگەیاندن.

 

مریەم شەحیی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی کۆڕبەندی ژنانی جەزائیر ڕایگەیاند، "هەڵمەتێکی گشتگیرمان دەستپێکردووە کە لە باکوورەوە تا باشوور دەگرێتەوە، و زیاتر لە ٥۰ هەزار کچ و ژن لەخۆدەگرێت، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی پەیوەست بە سوڕی مانگانە. ئێمە پێمانوایە شکاندنی بەربەستەکانی ناو خێزانەکان یەکەم هەنگاوە بەرەو کۆمەڵگەیەک کە زیاتر لە کچان تێبگەن و پاڵپشتی بکەن.

 

کامپەینی "من حقی" نوێنەرایەتی سەرەتای گۆڕانکارییەکی کولتووری ڕاستەقینە دەکات لە جەزائیر، دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ جەستەی مێینە و دامەزراندنی تەندروستی سوڕی مانگانە وەک مافێکی هەمیشەی مرۆڤ. ئێستا نەوەیەکی نوێی ژنان و کچان زیاتر ئامادەن، بۆ پرسیارکردن و داوای زانیاری و قسەکردن و سەرپێچیکردن لە شەرمەزاری و بێدەنگی.