مەکەگە: ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن بێدەنگ ناکرێن

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان، مەکەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو سێ ڕۆژنامەنووسی دەستگیرکراوی کرد و ڕایگەیاند، ناتواندرێت ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن بێدەنگ بکرێن.

ناوەندە هەواڵەکان

 

 سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ لێکۆڵینەوەی لە کۆنگرەی دیموکراتیک (هەدەکە) دەستپێکرد و لە ١٨ی شوباتدا، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، لە ١٠ شاردا دەستبەسەرکردن لە هەڵکوتانە سەر ماڵان ئەنجامدرا، ٥١ کەس بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوەکە" لە هەڵمەتی گەڕان بە ماڵاندا دەستبەسەر کران، کە ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، سیاسەتمەداران بوون.

 

 ئەو ٥۱ کەسە دەستبەسەرکراوە سەرلەبەیانی دوێنێ بۆ دادگای ئیستەنبوڵ لە چاغلایان گواستراونەتەوە بۆ لێپرسینەوەی لای داواکاری گشتی دوای کۆتایی هاتنی کارەکانیان لە بەشی پۆلیسی ئیستەنبوڵ، داواکاری گشتی بڕیاری ئازادکردنی ١٦ کەسی دەرکرد و ٣٥ کەسی ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی ئاشتی کرد، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری بڕیاری دەستگیرکردنی ٣٠ کەسی دەرکرد، لە نێو ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون، ڕۆژنامەنووسان ئەلیف ئاکگول، یەڵدز تار، و ئەرکومەنت ئاکدەنیز هەن.

 

 کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا سەبارەت بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کاردانەوەی بەرامبەر دەستگیرکردنەکان نیشاندا. 

 

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

لە ۱٨ ی شوباتدا ٥۱ کەس کە هەڤاڵانمان ئەلیف ئاکگول و یەڵدز تار و ئەرکومەنت ئاکدەنیز بوون، بە نایاسایی دەستبەسەر کران، بەداخەوە دوای ئەو دەستبەسەرکردنانە ۳۰ کەس دەستگیرکران و کارمەندانی ڕۆژنامەوانیش جارێکی دیکە لەسەر چالاکییە پیشەییەکانیان دادگایی کران.

 

 ئێمە وەک کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە کە ڕۆژنامەگەری تاوان نییە و داوا دەکەین دەستبەجێ هاوڕێکانمان ئازاد بکرێن، ئازادی ڕۆژنامەگەری بەردی بناغەی کۆمەڵگە دیموکراسیەکانە و ڕاستییەکان بە بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان ناشاردرێنەوە!

 

 ڕۆژنامەگەری ئازاد گەرەنتی مافی گەلە بۆ وەرگرتنی زانیاری، ئەم فشارانە بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان نەک تەنها ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن، بەڵکو مافی کۆمەڵگەش بۆ بەدەستهێنانی زانیاری زەوت دەکەن.

 

 جارێکی تر داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین، دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو ئازاد بکەن، فشارەکان لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین ڕابگرن، ڕۆژنامەگەری تاوان نییە و نابێت بە تاوان هەژمار بکرێت!

 

 ئێمە وەک کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی میزۆپۆتامیا لە تەنیشت هەڤاڵەکانمان دەوەستین، ناتواندرێت ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەدوای ڕاستییەکاندا دەگەڕێن بێدەنگ بکرێن.